هەڵبژاردەی عێراق بە فەرمی ماڵئاوایی لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 کرد، جیا لەوەی کە نەیتوانی هیچ خاڵێک بەدەستبهێنێت، ڕیکۆردێکی نەرێنی لە مێژووی بەشدارییەکانیدا تۆمارکرد.
لەم وەرزەی مۆندیالدا، شێرەکانی ڕافیدەین لە هەر سێ یاریی کۆمەڵەکەیاندا تووشی شکستی قورس بوون؛ لە یەکەم دەرکەوتنیدا بە ئەنجامی (4 – 1) بەرامبەر هەڵبژاردەی نەرویج دۆڕا، لە یاری دووەمیشدا نەیتوانی بەرامبەر هێرشەکانی فەرەنسا خۆی ڕاگرێت و یارییەکەی بە ئەنجامی (3 – 0) دۆڕاند. کۆتا هیوای هەڵبژاردەکە لە یاری سێیەمدا لەبەردەم سەنیگال لەدەستچوو، کاتێک بە پێنج گۆڵی بێوەڵام تووشی شکست هات. بەم ئەنجامانە، هەڵبژاردەی عێراق بووە خاوەنی یەکێک لە خراپترین ڕیکۆردی گۆڵ لێکران لەم خولەی مۆندیالدا، دوای ئەوەی لە سێ یاریاندا 12 گۆڵی لێکرا و تەنها یەک گۆڵی تۆمارکرد.
ئەم ئەنجامە نەرێنییانە ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی بەسەر پێگەی نێودەوڵەتی هەڵبژاردەکەوە هەبوو، بە شێوەیەک عێراق لە نوێترین ڕیزبەندیی جیهانیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (FIFA) شەش پلە بۆ خوارەوە دابەزی.
دوای ئەم بەشدارییە سارد و ماڵئاواییە پێشوەختەیە، بڕیارە شاندی هەڵبژاردەی عێراق لە وڵاتی ڕێکخەرەوە بگەڕێتەوە بەغداد، لەکاتێکدا شەپۆلێکی ڕەخنەی توند لەسەر ئاستی هونەری و تاکتیکیی تیمەکە لەسەر شەقامی وەرزشیی عێراقی دروستبووە.

