رێبوار حەمەلاو شوانى
دەوڵەتى سێبەر لە هەر وڵاتێک هەبێ ، ئەوا ناتوانرێت هێزەکانى دادوەرى ،یاسادانان ،حکوومڕانى لە یەکتر جیابکرێنەوە،چونکە تەنها دەبێتە دەوڵەتێکى ڕۆتین و یارییەکى ڕواڵەتیی، چونکە دەوڵەتى سێبەر دەست بەسەر هەموو جومگەکانى سیاسى،سەربازى، ئەمنى ،ئابوورى دا دەگرێت و لە ژێر هەژموونى خۆى دەبێت ، لێرەدا کاتێک باسى 23 ساڵ دەوڵەتى نوێى عێراقى فیدڕاڵى دەکەین ، باسى یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشە سیاسى ویاساییەکانى ناوچەکە دەکەین. چونکە لە راستیدا عێراق بووەتە دەوڵەتێکى سێبەرى ئاڵۆز لە ئەکتەرە ناودەوڵەتییەکان کە لەپشت پەردەى دامەزراوە فەرمییەکانى کار دەکرێت و بڕیارى ستراتیژییش وڵاتەکەش ئاڕاستە دەکرێت
دەوڵەتێک کەتێیدا ئەستەمە بتوانرێت دەسەڵاتى راستەقینە لە دەستى ئەو کەس ولایەنانەى دەوڵەتە سێبەرەکە بەڕێوەدەبن جیابکرێتەوە، چونکە ئەو دەوڵەتە سێبەرە نەک هەر بەرپرسیاریەتى هەڵناگرێت ، لەڵکو لەڕێگەى هەژموونى میلیشیایی ودارایی و ئابوورییەوە هەموو جومگەکانى حکوومەتى بەغدا قۆرخ و کۆنترۆڵکردووە
لێرەدا گڕنگە بزانین ، ئەو دەوڵەتە سێبەرەى عێراقیش ، نەک هەر لە ژێر کۆنترۆڵى خۆیدا نییە ، بەڵکو لەلایەن وڵاتێکى دراوسێیەوە لە هەموو ڕووێکى سیاسى،سەربازى، ئابووریی و ئەمنییەوە لە ناوخۆى عێراق و دژى وڵاتانى دراوسێی و بەتایبەتى بۆ هێرش و پەڵاماردانى سەر گەلى کوردو قەوارەى هەرێمى کوردستان بەکار دەهێنرێت ، ئەوەش وایکردووە کە رۆژ بەرۆژ نەک عێراق سەروەرى خۆى لەدەست بدات ، بەڵکو متمانەى ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بەهۆى بوونى ئەو دەوڵەتە سێبەرەوە بەرەو لاوازبوون و هەرەسهێنانى زیاتر بروات
هۆکارى سەرەکى دروستبوونى ئەو دەوڵەتە سێبەرە لە نێو حکوومەتى عێراق، پاڵنەرێکى تایفى و مەزهەبى بەتامى ئێران و ئینجا بەرژوەندى سیاسى و بازرگانی چەند تاقم و گروپێکى میلیشیایی و چەکدارییە ، ئەوەش وایکردووە ، دەوڵەتێکى سێبەرى قێزەوەن و ناپەسەند لە نێو عێراقدا دروست بکات
لە نێو ئەو عێراقە ئاڵۆزو پڕکێشە وبێ سەروەرییەدا ، دوو نەتەوەی سەرەکیی وەک گەلى کورد و عەرەب ، چەند پێکهاتەى نەتەوەیی و ئایینى وئایینزاکان بوونى هەیە ، خاوەن مێژووییەکى پڕ لە نەهامەتى و خوێناوییە ، بەتایبەتى گەلى کورد و کوردستان بەهۆى بە زۆر لکاندن و مانەوەى لە نێو عێراقى دوێنى و دەوڵەتى سێبەرى 23 ساڵەدا زیانى زۆر گەورەى بەرکەوتووە ، چونکە عێراقى ئێستا لە ژێر هەژموونى دەوڵەتێکى سێبەردایە کە باوەرى بە دەستوور و فیدڕاڵى و هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى نییە ، لەهەمانکاتیشدا دەوڵەتە سێبەرە وا خۆى وێنا دەکەن کە لە ژێر سێبەرى یاسا و بڕیارى ناوەندەکانى دادەوەرى و حکومڕانیدا ،کار ونەخشەکانیان جێبەجێ بکەن ، ئەم تاقم و گرووپە میلیشیا نایاساییانە لەماوەى 23 ساڵى رابردوو بەرێگەى بەکارهێنانى هێز کە تەنها هیچ حیسابێک بۆ دەوڵەت نەکەن ، بەڵکو مافیا ئاسا و دەستیان بە سەر سەروەت و سامانى عێراق دا گڕتووە ، لەهەمانکاتیشدا حیساب بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکان ناکەن ، لە هەمانکاتیشدا هێرش و پەلامار دەکەنە سەر نوێنەرایەتى وڵاتان و شوێنە دیپلۆماسییەکان ، وڵاتانى ناوچەکە و بەتایبەتى هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى دەستوورى و یاسایی و لەوەش کارەساتبارتر بە دەیان ملیارد دۆلارى عێراق وەک سپیکردنەوەى پارە بۆ وڵاتانى ناوچەکە دەگوازنەوە ، لەهەمانکاتیشدا بۆ کڕینى چەک و جبەخانە وبەهێزکردنى خۆیان بەکاردێنن و ئەوەش عێراقى خستۆتەدۆخێکى مەترسیدارەوە
لەگەڵ ئەوەى چەندین جار میلیشیاکانى حەشدى نایاسایی ،دەڵێن لە ژێر دەسەڵاتى سوپاى عێراقدا کار دەکەن ، بەڵام لە راستیدا ، ئەوان لە هەموو ڕوویەکەوە سەربەخۆیانە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن ، لە دیو سنوورەکانەوە هەموو بڕیارەکانى بۆ هەناردە دەکرێت و سەرچاوەى دەرکردنى ئەو بڕیارانەیش نەک لە بەرژوەندیی ئەم هێزانە و نە وڵاتێک بەناوى عێراق نییە،بەڵکوو ئامانج و خواستەکانى وڵات و تایفى و مەزهەبییەوە وڵاتێکى دیکەوەیە کە توانیویانە ئەو گرووپانە بخەنە ژێر کۆنترۆڵى خۆیانەوە
بەدڵنییاییەوە ، ئەو میلیشیا و تاقمە چەکدارییە نایاساییە تیرۆریستانە ، کە ژەمارەیان زیاترە لە 300 هەزار چەکدار ، لەهەمانکاتیشدا ئەمڕۆ لە دەسەڵاتێکى سێبەرەوە ، بووەتە هێزێکى بڕیار دەرە ، تاڕماییەکە ، نەک تەنها مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرى عێراق ،بەڵکو بۆ سەر هەموو ناوچەکە و جیهانیش ،چونکە بە پێى راپۆرتەکان لەماوەى دوو دەیەى رابردوو ، دەیان پێشڵکاریی ودەستدرێژیی و قۆرخکارییان ئەنجامداوە ،هەموو ئەمانە ئاماژەن بەو راستییەى تا کۆتایی بەدەوڵەتى سێبەرى میلیشیایی لە ناو دەوڵەتى عێراق نەیەت ، ئەستەمە سەقامگیرى و متمانە وئارامى بێتەدى و واتە عێراق لەخراپەوە و بەرەو خراپترینە ..
.

