zagros news agency

ستراتیژى هاوسەنگى،هێزى نەرم بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارە و مافەدەستوورییەکانى کوردستان 

 

رێبوار حەمەلاو شوانى

 

مێژوو گەواهیدەرە ڕووبەڕووى بوونەوەى چەندین کۆسپ و ئاستەنگى گەورە و هەوڵى نەیارانى کورد بۆ گۆشەگیرکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان لە ڕووى سیاسى و دیپلۆماسى و ئابوورى و حکوومڕانییەوە ، هونەرێکى گەورە و مێژووییە کە تەنیا بەسەرکردەیەکى بلێمەت و ژیر و دانا دەکرێت ، هەموو ئەو ڕووداوانە لە ماوەى چەند ساڵى رابردوو بەرۆکى هەرێمى کوردستانیان گڕتووە چ لەسەر ئاستى ناوخۆیی و دەرەکى و ئینجا لە نێو هەموو ئەو گێژاو وقەیرانانەدا ، هەنگاونان بەرەو بونیاتنانەوەى خاک ونیشتیمانەکەت و بەکارهێنانى لۆژیکى سیاسى و دیپلۆماسى و بەڕێوەبردن پرسێکى ستراتیژى مەزنە بۆ پارێزگاریکردن لە لە قەوارە و دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانى گەلى کورد لە ناوچەیەکى پڕ ململانێ و ئاڵۆزدا

سەردان و دیدارە فەرمییەکانى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان مەسروور بارزانى چ لەسەر ئاستى ناوچەکە و چ لە سەر ئاستى نێودەوڵەتیی و بەتایبەت ئێستاى بۆ بەغدا تەنها لە چوارچێوەى دیدار و کۆبوونەوەى بەردەم میدیاکان و دوو حکوومەت نییە ؛ بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەو ستراتیژەى بارزانى بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەى کوردستان و ئینجا هاندانى دەسەڵاتدارانى بەغدا بۆ پابەندبوون بە دەستوور و بنەماکانى فیدڕاڵى و لاپەرەیەکى نوێی پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراقى فیدڕاڵى کە ساڵانێکى زۆرە گرژى و ئاڵۆزى زۆرى تێکەوتووە

ئەو جۆرە ستراتیژى و دیپلۆماسییەى هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە ، ناوچەکە و عێراق بەشێوەیەکى گشتى بە قۆناغێکى زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت ، بەتایبەت کە ساڵانێکى زۆرە دەسەڵاتى بەغدا بەهۆى دەیان گروپى میلیشیا کە ئێستا زۆربەیان لە نێو لیستى تیرۆر و سزا نێودەوڵەتییەکاندان تووشى کێشە وئاڵۆزى زۆر بووتەوە ، بۆیە ، لێرەدا جگە لەوەى هەنگاوى سەرۆکى حکوومەت بۆ نوێیکردنەوەى پەیوەندییەکانە لە هەمانکاتیشدا ، هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەى عێراق لە مەترسیەکانى شەڕ و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکەیە

هەنگاوەکى سەرۆکى حکومەتى کوردستان ، بۆ خوێندنەوەى وردبینانەیان بۆ گرژى و ناسەقامگیرى ناوچەیەکە ، چ لە ڕووى قەیرانى وزە و دارایی و ئینجا هاوسەنگى هێزە لە عێراقدا ، لەو نێوەشدا ، هەرێمى کوردستان بە گڕتنەبەرى سیاسەت و دیپلۆماسییەتێکى ژیرانە ، لەلایە کار بۆ ئارامکردنەوەى رەوشى سیاسى و لەلایەک دیکەش هەنگاوەکانى بۆ پارێزگاریکردنە لە بەرژوەندییە ستراتیژییەکانە . هەموو ئەم راستییانە وایکردووە کە عێراق بە چاوێکى زۆر پربایەخ و گرنەوە بڕوانێتە هەرێمى کوردستان و سیاسەت و بەڕێوەبردن ، ئینجا سوود لە ئەزموون و هەموو ئەو بوژاندنەوە بازرگانى و وەبەرهێنانە بەتایبەت لەبوارى وزە و ئەزموونى سەرکەوتووانەى ئابوورى کوردستان وەربگرێت

سەردانى مەسروور بارزانى ، لە قۆناغێکى زۆر گرنگدایە ، بۆ چەندین پرس و دۆسییەى گرنگ ، بەتایبەت بودجە و مووچەى خەڵکى کوردستان و ئینجا پرسى هەناردەکردنى نەوت و هەماهەنگى لەبوارى دارایی ، هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە گۆڕانکارى نوێى بەهۆى حکوومەتى نوێیی عێراق هاتوونەتە ئاراوە ، لە هەمان کاتیشدا ئە سەردانە سەر لەنوێ لێکتێگەیشتنى هاوبەش و لەبوارەکانى دارایی و ئەمنى و وزە بەتایبەتى نەوت و غاز دێنتێە ئاراوە . لەماوەى چەند ساڵى رابردوو حکوومەتى کوردستان بە سەرۆکایەتى مەسروور بارزانى بە ستراتیژى هێورى و هێزى نەرم گشت هەوڵەکانى خستۆتە گەڕ بۆ چارەسەرى کێشە و پرسە هەلواسراوەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەغدا ،ئەمە وێراى هەموو ئەو گوشارە سیاسییانەى کە بەهۆى سیاسەتەکانى بەغداوە لە رابردوو ، بۆیە ، مێژوو سەلماندوێتى بە بێ گەڕانەوەى متمانە و بەرژوەندى هاوبەش و ڕەچاوگرتنى هاوکارییە ئابوورییەکان وەک ڕێگەچارەسەرییەک بۆ چەسپاندنى مافە دەستوورییەکان و پابەند بوون بە بنەماکانى فیدڕاڵى و ڕێزگرتن لە قەواەرى هەرێى کوردستان لە ڕووى بەڕێوەبردن و ئابوورییدا

سیاسەت وستراتیژى سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان و بەتایبەتى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان لە رابردوو و ئێستاشدا ، گڕتنەبەرى سیاسەتێکى هاوسەنگییە لە پێناو پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێى کوردستان و داکۆکیکردن لە لە مافە دەستوورییەکانى گەلى کورد و سەر لەنوێ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا ، لە هەمان کاتیشدا عێراق لە دۆخێکى خراپى ئەمنى و ئابوورى و سەقامگیریی دایە ، بۆیە تەنها ڕێگە بەهێزکردنى پەیوەندییەکانە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و خۆ دوورخستنەوەیە لە سیاسەتى پەراوێزخستن لە ڕێگەى فشارى سیاسى و ئەمنى و ئابووریی، بۆیە دەسەڵاتدارانى بەغدا ، دەتوانن سوود لە ئەزموون و سیاسەتى بەرێوەبردنى هەرێمى کوردستان وەربگرن وەک هاوبەشێکى ئابوورى و لە هەمانکاتیشدا کاتى ئەوە هاتووە ، بەغدا دڵنییاییەک دروست بکات سەبارەت بە پرسى نەوت و هەناردەکردنى و ئینجا لە ڕووى داراییەشەوە پارێزگارى لەمافەکانى خەڵکى کوردستان بکات ، بەتایبەتى پرسى مووچەى خەڵکى کوردستان کە ساڵانێکى زۆرە حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى وەک کارتێک دژى خەڵکى کوردستان بەکارى دێنن

بەدڵنییاییەوە ، سەردانە فەرمییەکەى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان مەسرووبارزانى ، ئاماژەیەکى روونە بۆ ئەو راستییەى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراقى فیدڕاڵى چوونەتە قۆناغێکى نوێی بۆ کۆتایی هێنان بە کێشە وئاستەنگەکان ، کە ئەمەش خۆى لەخۆیدا سیاسەت ودیپلۆماسییەتێکى ژیرانەیە لە پێناو پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێمى کوردستان و پارێزگاریکردن لە بەدەستهێنانى ماف و شایستە دەستوورییەکانى گەلى کورد ، ئەوەش سەرکەوتنى هێزى نەرم و ڕاگڕتنى هاوسەنگییە لە نێو قەیران و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکەدا ، لە پێناو کوردستانێکى بەهێزتر و گەشەسەندووتر .

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

ساڵیادی یەکەم هەنگاوی بە دیجیتاڵبوونی میدیایی کوردی

hakar herki

خەباتی ئافرەتی کورد بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێت

دڵشاد

گەل چاوەرێی ئەو ستۆپەیان لە پارتی دەکردبە دادگای نافیدڕاڵی بکات

دڵشاد