ئەستێرەی تەلەفزیۆنی واقیع و دیزاینەری پۆشاک جوردین وودز، لەگەڵ یاریزانی یانەی نیویۆرک نیکس کارل ئانتۆنی تاونز لە شاری مالیبو لە ویلایەتی کالیفۆرنیا هاوسەرگیرییان کرد.
ئەم بۆنەیە لە کەشێکی ڕۆمانسی و لۆکسدا لەبەردەم دیمەنی دڵڕفێنی دەریادا بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کەسوکاری هەردوو لا و هاوڕێ نزیکەکانیان بەشداربوون. جگە لەوان کۆمەڵێک لە ئەستێرەکانی هونەر و وەرزش ئامادەبوون، لەوانە کایلی جێنەر، تیمۆسی چەلامێت، جەستن بیبەر، هایلی بیبەر، تیانا تایلۆر، مایکل بی جۆردان، جادا پینکێت سمیث و بن ستیلەر و هاوسەرەکەی کریستین تایلۆر. هەروەها ژمارەیەک لە هاوڕێیانی تاونز لە خولی باسکەی پیشەگەرانی ئەمریکا بەشداربوون.
ئەم هاوسەرگیرییە دوای پەیوەندییەکی خۆشەویستی چەند ساڵە هات کە سەرەتا وەک هاوڕێیەتییەکی بەهێز دەستی پێکرد. هەردووکیان لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا دەستگیرانداری خۆیان لە ڕێگەی وێنەی ڕۆمانسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، کاتێک تاونز لە شوێنێکی تایبەتی شاری نیویۆرک داوای هاوسەرگیری لێکرد.
پەیوەندیی نێوان جوردین وودز و کارل ئانتۆنی تاونز لە ساڵی 2020 دا بوو بە پەیوەندییەکی سۆزداری. هەردووکیان جەختیان لەوە کردەوە، ناسینی درێژخایەنیان یاریدەدەریان بووە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی جێگیرتر.
جوردین پێشتر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەستنی پەیوەندی لەگەڵ کەسێک کە پێشتر هاوڕێی نزیک بووبێت بڕێک لە لێکتێگەیشتنی زیاتر دەبەخشێت.
تاونز ئاشکرایکرد، سەردەمی پەتای کۆرۆنا بووە هۆی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکەیاندا و بڕیاریاندا چانسێک بە خۆشەویستی بدەن.

