ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، ١٤یەمین پێشانگای تایبەتی هونەرمەند ڕەزوان قادر لە ژێر ناونیشانی “سەمای فڵچەکان لە سروشتدا” کرایەوە، کە تێیدا جوانییەکانی سروشتی کوردستان لە ڕێگەی تابلۆوە نمایش کران.
ئەمڕۆ ١٨ـی ئابی ٢٠٢٦، بە چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەلیم قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و کۆمەڵێکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، لە گەلەری “میدیا” لە شاری هەولێر، پێشانگای تایبەتی شێوەکاری (ڕەزوان قادر) کرایەوە.
پێشانگاکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی شێوەکاری و کاری دەستی ڕێکخرابوو، کە تێیدا کۆمەڵێک تابلۆی ناوازە نمایش کرابوون. تابلۆکان ڕەنگدانەوەی قووڵایی و جوانیی سروشتی کوردستان و دەوروبەری بوون و سەرنجی ئامادەبووانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا.
لە پەراوێزی کردنەوەی پێشانگاکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە هونەرمەندی بەشداربوو و ستافی ڕێکخەر کرد و ڕایگەیاند: “هەولێر هەمیشە لانکەی داهێنان بووە و وەک پارێزگا بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ڕەوتی هونەری و شێوەکاران.”
پارێزگاری هەولێر جەختیشی لەوە کردەوە کە “هونەر پەیامی ئاشتی و سیمای جوانی گەلی ئێمە بە جیهان دەگەیەنێت.”
بڕیارە پێشانگای “سەمای فڵچەکان لە سروشتدا” تاوەکو ڕێکەوتی ٢٠ـی ئاب بە ڕووی هۆگرانی هونەردا کراوە بێت.

