نوێترین کورتەفیلمی دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەشکان ئەحمەدی، بە ناوی “جەستە”، توانیویەتی لە سێ فێستیڤاڵی جیاوازی نێودەوڵەتیی بەشداری بکات و دوو خەڵات بەدەستبهێنێت، جگە لە کاندیدبوونی.
فیلمی “جەستە” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “ژن، ژیان، ئازادی” وەک پاڵێوراو بۆ خەڵاتی “باشترین فیلم” دیاریکراوە. هەروەها لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی KIIFF بەدەستهێنانی بڕوانامەی ڕێزلێنانی تایبەتی (Honorable Mention) وەرگرتووە.
ئەشکان ئەحمەدی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، سوپاسی سەرجەم ئەندامانی ستاف و تەواوی ئەو کەسانەی کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون لە بەرهەمهێنان و سەرکەوتنی ئەم پڕۆژە سینەماییەدا.
ئەشکان ئەحمەدی، دەرهێنەر و سینەماکاری سەرکەوتووی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە. خاوەنی چەندین بەرهەمی سینەمایی و کورتەفیلمی خەڵاتکراوە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.
لە گرنگترین کارەکانی پێشووی فیلمەکانی “بێدەنگی” و “گوندێک کە بەردەوام دەگرییا”ـن کە لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی بەشداربوونه و خەڵاتی جۆراوجۆریان بەدەستهێناوە.
بەرهەمەکانی ئەحمەدی زیاتر تیشک دەخەنە سەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، مافەکانی مرۆڤ و کێشە مرۆییەکانی ناوچەکە.

