لە 25ـی ئەیلوولی 2026، هاوکات لەگەڵ نۆیەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، وەرزی شانۆیی هەولێر 2026 بە نمایشکردنی شانۆگەرییەکانی ئەم وەرزە دەستپێدەکات.
یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەم وەرزە “دڵسۆزی لە پەراوێزدا”ـە، لە نووسینی نوح شاخەوان و دەرهێنانی شێرکۆ نەژادە، کە لە هۆڵی سەفەوت جەرداح، لە بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ، پێشکەش دەکرێت.
دەستپێکردنی وەرزی شانۆیی هەولێر، هەنگاوێکە بۆ گەڕاندنەوەی بینەر بۆ هۆڵەکانی شانۆ و بەهێزکردنەوەی جووڵەی شانۆیی لە هەولێر؛ وەرزێک کە چەندین بەرهەمی جیاواز و نوێی شانۆیی لەخۆدەگرێت.
لە بەرهەمە سەرەکییەکانی ئەم وەرزەدا شانۆگەریی “لەچک” لە دەرهێنانی مەولان حەمەدەمین، “ئیمپراتۆریەتی هەیاس” لە نووسینی د. محەممەد عەلی عوزێری و دراماتورگی و دەرهێنانی د. ژیلوان تاهیر و “ڕۆناکییەک خۆری ئاوا کرد” بە نووسین و دەرهێنانی جووتیار ڕەفعەت، پێشکەشی بینەران دەکرێن.
ئەم بەرهەمانە بە هاوکاری و بەرهەمهێنانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر نمایش دەکرێن. شانۆگەریی “لەچک” بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی کوردستان نمایش دەکرێت.
لەگەڵ ئەم وەرزە شانۆییەدا سمیناری “ئاسۆی بوژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر” بە مەبەستی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لە دۆخی شانۆ، کێشە و دەرفەتەکانی و دیاریکردنی ڕێگە و ئاسۆکانی پەرەپێدان و بوژاندنەوەی ئەم هونەرە بەڕێوەدەچێت.
سمینارەکە بە بەشداریی کۆمەڵێک مامۆستا و شارەزای بواری شانۆ، لەوانە د. ژیلوان تاهیر، سەباح عەبدولڕەحمان، کرمانج مستەفا و حەمە جەمیل، دەرفەتێکە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیر و بۆچوون و گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی شانۆی هەولێر. هەروەها تۆڕی میدیایی کوردستان تیڤی لە بەڕێوەبردنی ئەم هەنگاوەدا هاوکاری دەکات.

