لە ڕاپرسییەکی بەرفراواندا کە لەلایەن ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ـەوە کراوە، زنجیرەی بەناوبانگی “Breaking Bad“ ریزبەندی یەکەمی لە لیستی 100 باشترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی سەدەی 21 بەدەستهێنا.
لە ڕاپرسییەکەدا زیاتر لە 500 لە ئەستێرەکان، بەرهەمهێنەران، ڕەخنەگران و پسپۆڕانی بواری دراما بەشدارییان کردووە و داوایان لێکراوە باشترین 10 زنجیرەی تەلەڤزیۆنی هەڵبژێرن کە لە دوای 2000ـەوە پەخشکراون.
لە پلەبەندییەکدا، زنجیرەی “The Wire“ هاتە پلەی دووەم، و زنجیرەکانی “Mad Men“ و “Succession“ و “Fleabag“ پلەکانی دواتریان داگیرکرد.
هاوكات “Game of Thrones“، “Veep“ و “30Rock “، “Curb Your Enthusiasm“ و “Atlanta“ لە پێنج ریزبەندییەکەی دواتردا هاتن.
زنجیرەی “Breaking Bad“ لە دروستکردنی ڤینس گلیگانە و هەردوو ئەکتەر برایان کرانستۆن لە ڕۆڵی واڵتەر وایت و ئارۆن پۆڵ لە ڕۆڵی جێسی پینک مان ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
چیڕۆکی زنجیرەکە لەبارەی مامۆستایەکی کیمیای قۆناغی ئامادەیییە کە دوای تووشبوونی بە شێرپەنجەی سییەکان، پەنا دەباتە بەر بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر بۆ دابینکردنی دواڕۆژی دارایی خێزانەکەی، بەڵام بەرەبەرە دەگوڕێت بۆ یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگانانی ماددەی هۆشبەر.
زنجیرەکە لە نێوان ساڵانی 2008 تا 2013 لە تۆڕی “AMC“ لە چوارچێوەی پێنج وەرز پەخشکرا و سەرکەوتنێکی بێوێنەی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا.
دواتر جیهانی درامایی زنجیرەکە فراوانتر کرا لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی “El Camino“ لە 2019 و زنجیرەی درامایی “Better Call Saul“ کە وەک تەواوکەر و پێشینەی چیڕۆکەکە بۆ پێنج وەرز پەخشکرا و بە هەمان شێوە پێشوازییەکی گەورەی لێکرا.

