ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە لە دیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە د. هەیسەم ئەلزەحاف، وەزیری لاوانی لیبیا و مونیر محەمەد ئەبوقرین، باڵیۆزی لیبیا لە عێراق.
لە دیدارێکدا، کە ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت ئامادە بوون، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی لاوان ئامادەیی وەزارەتی بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە پێناو بنیاتنانی پردی کولتووری دەربڕی.
لە بەرامبەردا، وەزیری لاوانی لیبیا خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی هەولێری پایتەخت دەربڕی و ئاماژەی بە گەشەکردن و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان کرد هیوای خواست پەیوەندییەکانی گەلی کوردستان و لیبیا زیاتر گەشە بکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، ئاریان سەلاحەدین دیاری تایبەتی وەزارەتی پێشکەش بە وەزیری لاوانی لیبیا کرد.
دواتر شاندی میوان گەلەری ڕەنجیان لە دیوانی وەزارەت بەسەر کردەوە و سەرسامبوونی خۆیان بە داهێنان و ئاستی باڵای هونەری شێوەکاری کوردی دەربڕی.

