zagros news agency

رێوڕەسمی ناساندنی کتێبی “هەورامان لەبەردەم هێرش و پەلاماری قاجار و پەهڵەویدا” بەڕێوەچوو

کتێبی “هەورامان لە بەردەم هێرش و پەلاماری قاجار و پەهلەویدا” لە وەرگێڕان و ئامادەکردنی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەهاری عەلی مورادی، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و رۆشنبیر و نووسەران لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی ناسێندرا.

رێوڕەسمەکە لە ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیری کارۆ، بۆ ئامادەکار و وەرگێڕی کتێبەکە رێکیخستبوو.

حەمەی حەمەسەعید، وەک وەرگێڕی کتێبەکە، لە وتەیەکدا باسی لە ناوەڕۆکی ئەو بەرهەمە چاپکراوەی کرد و گوتی: کتێبەکە دوو بەشی بەسەرەکییە و باس لەو هێرش و پەلامارانە دەکات، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی قاجار و دواتریش دەسەڵاتی پەهلەویدا کراونەتە سەر سەرزەمینی هەورامانات.

گوتیشی: هەورامان سەرزەمینێکی دێرینی مێژووییە و دەکەوێتە ناوەندی کوردستان و زنجیرە چیای زاگرۆس بە هەوراماندا تێدەپەڕێت و لە رووی فەرهەنگی و کولتوورییەوە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە و یونسکۆ وەک ناوچەیەکی کولتووری و میراتێکی مێژووی مرۆڤایەتی تۆماری کردووە.

باسی لە جوگرافیای هەورامان کرد و گوتی: هەورامان پێنج بەشە و پێی دەوترێت هەورامانی شامیان، ژاوەرۆ، رەزاو، هەورامانی تەخت و دزڵی، هەورامانی لهۆن و لە مێژوودا ئەم بەشانەی هەورامان هەوڵیانداوە بەردەوام خاوەنی دەسەڵاتی خۆماڵی و خۆجێی بن و نەکەونە ژێر کاریگەری دەرەکییەوە.

گوتیشی: فەرمانڕەواکانی هەورامان، بە تایبەتی سانەکان، کە رووبەڕووی ستەم و هێرشی قاجار و پەهلەوی بوونەتەوە، لە کاتی شەڕدا دوژمن شکستی پێنەهێناون و لە کاتی میوانداریدا دەستیان لێ وەشێندراوە و کوژراون.

لە بارەی جافرسانەوە، کە فەرمانڕەوای هەورامانات بووە و شانبەشانی مەحمودخانی دزڵی، یەکێک بووە لە پشتیوانەکانی شۆڕشی شێخ مەحموود لە سلێمانی، حەمەی حەمەسەعید گوتی: ماوەی دەسەڵاتدارێتی جافرسوڵتان جیاواز بووە لە ماوەکانی دیکە و هەندێکجار تیرەکانی جاف هاوکاریان کردووە و لە 1931دا سوپای پەهلەوی هێرشیکردووەتە سەر.

روونیشیکردەوە، لەو سەردەمەدا، سانەکان داخوازی نەتەوەییان نەخستووەتەڕوو، زۆرتر شەڕیان بۆ پاراستنی پێگەی بەڕێوبردن و دەسەڵاتی خۆیان کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

شۆفێرێک داوای 10 ملیۆن دۆلار لە پۆست مالۆن دەکات

ART

مايلی سايرس پەردە لەسەر نهێنیی گۆرانییە نوێیەکەی لادەبات

ART

لە سلێمانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆبایل ساز دەکرێت

ART