کۆمپانیای دیزنی کار لەسەر پڕۆژەیەکی سینەمایی نوێ دەکات کە وەرگیراوە لە چیرۆکی “جوانکیلە و دێوەکە” (Beauty and the Beast)، بەڵام ئەمجارەیان تیشک دەخاتە سەر کارەکتەری خراپەکاری نێو چیرۆکەکە کە ئەویش “گاستۆن”ـە.
دیزنی دەیەوێت لە رێگەی ئەم فیلمەوە لایەنە دەروونی و مرۆییەکانی “گاستۆن” بە دیدگایەکی نوێ بخاتە ڕوو. سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن دەیڤید کالاهام، نووسەری فیلمی ناسراوی (Shang-Chi) دەنووسرێت.
هەرچەندە لووک ئیڤانز لە فیلمە زیندووەکەی ساڵی 2017ـدا رۆڵی گاستۆنی گێڕابوو، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ئەکتەرە لەم فیلمە نوێیەدا بەشدار نابێت و دیزنی دەیەوێت بە ئەکتەرێکی نوێوە سەرەتایەکی دیکە بۆ ئەم کارەکتەرە دەستپێبکات.
ئەو پڕۆژەیە بەشێکە لە پلانی فراوانی دیزنی بۆ دووبارە ناساندنەوەی کارەکتەرە کلاسیکییەکان بە نەوەی نوێ.

