خانمە ئەکتەری ئەمریکی جێنیفر گارنەر، بە راشکاوی باسی لەو تەحەدایانە کرد، لە کاتی هاوسەنگی راگرتن لە نێوان دایکایەتی و کارەکەیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
گارنەر کە خاوەنی سێ منداڵە لە هاوسەری پێشووی بێن ئەفلێک، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی Bustle ئاماژەی بەوە کرد کە پەروەردەکردنی منداڵ لە دوو ماڵی جیاوازدا هەستێکی “لەدەستدان”ی لەگەڵدایە، بەڵام هاوکات پڕە لە وانەی فێربوون.
ئەو خانمە ئەکتەرە (٥٣ ساڵ) ڕایگەیاند، کاتێک منداڵەکان (ڤایۆلێت، فین و ساموێل) لای ئەون، هەوڵدەدات هەم رۆڵی دایک و هەم باوک بگێڕێت، ئەمەش کەمێک سەختە چونکە ئەو هاوسەنگییە سروشتییەی لە ماڵێکی یەکگرتوودا هەیە، لە دەست دەچێت.
گارنەر جەختی لەوە کردەوە، هەمیشە منداڵەکانی لە پێشینەی کارەکانیدا بوون و بڕیارە پیشەییەکانی بەپێی بەرژەوەندی ئەوان داوە.
گارنەر و ئەفلێک لە 2018 بە فەرمی جیابوونەوە، بەڵام تا ئێستا بە هاوبەشی بەرپرسیارێتی منداڵەکانیان لە ئەستۆ گرتووە و پەیوەندییەکی ڕێزدارانەیان پاراستووە.

