ئەمڕۆ سێشەممە، لە ڕێوڕەسمێکدا لە گەلەریی میدیای هەولێر، پێشانگەی تایبەتی هونەرمەند د. عەلی حوسێن لە ژێر ناوی”بارانە رەنگ” کرایەوە.
لەم ڕێوڕەسمە هونەرییەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، شانبەشانی ژمارەیەک لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران ئامادە بوون. پارێزگاری هەولێر لە پەراوێزی ئەم پێشانگەیەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، حکومەت بەردەوام پاڵپشتی لە کارە هونەرییەکان دەکات و ئەم چالاکییە تەنیا نمایشکردنی تابلۆ نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئاستی بەرزی داهێنانە لە پایتەختدا.
هونەرمەند د. عەلی حوسێن لەبارەی ناوەڕۆکی تابلۆکانی ڕایگەیاند، کارەکانی ئەمجارەی گوزارشت لە دیدگەیەکی نوێ دەکەن بۆ سروشت و تێکەڵبوونی ڕەنگەکان و دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە پەیامێکی مرۆیی بگەیەنێت.
ئەم پێشانگایە تاوەکو ڕۆژی 21ی مانگ بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە دوو کاتی جیاوازدا پێشوازی لە میوانان و بینەران دەکات.

