لە شاری هەولێر و لە نێو تەلاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی، پێشانگایەکی ناوازەی خۆشنووسی بۆ هونەرمەند یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی کرایەوە. تابلۆکان بە زێڕ، زیو و ئەڵماس نەخشێنراون و پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان دەگەیێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2026/5/20، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و پیاوانی کار، پێشانگایەکی تایبەتی خۆشنووسی لە ژێر ناونیشانی (ئاشتی و پێکەوەژیان) بۆ هونەرمەند (یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی) کرایەوە.
لە کاتی کردنەوەی پێشانگاکەدا کە زانا مەلاخالید، بەرپرسی لقی 2ـی پارتی، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، تابلۆ هونەرییەکان سەرنجی ئامادەبووانیان ڕاکێشا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دوای بەسەرکردنەوەی تابلۆکان، دەستخۆشی لە هونەرمەندەکە کرد و ڕایگەیاند: “ئەم تابلۆیانە کە لە کەرەستەی گرانبەهای وەک ئەڵماس، زێڕ و زیو دروستکراون، هاوسەنگییەکی جوانن لە نێوان جیهانی بازرگانی و داهێنانی هونەریدا.”
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوەش کردەوە کە نمایشکردنی ئەم جۆرە کارە هونەرییانە، پەیامی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەولێری پایتەخت بە جیهان دەگەیێنێت و نیشانی دەدات کە پایتەخت هەمیشە مەڵبەندی تەبایی و داهێنانە.
جگە لە بەرپرسانی حکومی، ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەردۆستان و کەسایەتییەکانی بواری بازرگانی بەشداربوون، کە تێیدا کارە هونەرییەکانی ئەربیلی وەک وەرچەرخانێکی جیاواز لە هونەری خۆشنووسیدا هەژمار کران


