کۆمپانیای “کڕایسلەر”ـی ئەمریکی بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێل، بڕیاری دا بە بانگهێشتکردنەوەی زیاتر لە 61 هەزار و 700 ئۆتۆمبێلی جۆری جیپ شێرۆکی، ئەمەش دوای ئاشکرابوونی گرفتێکی تەکنیکی لە گێڕی ئۆتۆمبێلەکە کە مەترسی لەسەر ژیانی سەرنشینان دروست دەکات.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی بەڕێوەبەرایەتی نیشتمانی بۆ سەلامەتی هاتوچۆی ئەمریکا (NHTSA)، ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئەم گرفتەیان تێدایە، ڕەنگە بەشێوەیەکی لەناکاو و بەبێ ئەوەی جارێکی تر چاک ببێتەوە، هێزی پاڵنەر و جوڵە لەدەست بدەن. ئەمەش بێ گوێدانە ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە لە چ خێراییەکدایە. جگە لەوەش، مەترسییەکی دیکەی ئەم کێشەی ئەوەیە کە ڕەنگە ئۆتۆمبێلەکە لە کاتی وەستاندا بە شێوەیەکی لەناکاو بخلیسکێت و بجوڵێت.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، شۆفێران دەتوانن لە ڕێگەی ئەم نیشانانەوە درک بە بوونی کێشەکە بکەن، یەەکەم دەرکەوتنی پەیامی “Service 4WD” واتە خزمەتگوزاری سیستەمی چواروەیل لەسەر شاشەی زانیارییەکان. دووەمیان بیستنی دەنگێکی نامۆ یان هەستکردن بە لەرینەوە لە کاتی لێخوڕیندا و سێیەم گۆڕانکاری لە کوالێتی و شێوازی ڕۆشتنی ئۆتۆمبێلەکە.
ئەم بڕیارە ئەو ئۆتۆمبێلانەی جیپ شێرۆکی دەگرێتەوە کە لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023 بەرهەم هێنراون و خاوەنی دوو گێڕن.
شارەزایان پێشبینی دەکەن تەنها 0.5٪ـی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بانگهێشت کراونەتەوە بە کردەیی ئەو کێشەیەیان تێدا بێت، بەڵام بۆ دڵنیایی زیاتر هەموویان پشکنییان بۆ دەکرێت.
کۆمپانیای کڕایسلەر ڕایگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا نامەی فەرمی بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەنێرێت بۆ ئاگادارکردنەوەیان. تا ئێستاش کۆمپانیاکە سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ ئەم کێشەیە و کاتی دەستپێکردنی چاکسازییەکە بە دیاریکراوی ڕانەگەیەندراوە.

