لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەند بڕیارێکی نوێی بە مەبەستی ڕێکخستنی نرخ و کوالێتی بەنزین لە جۆرەکانی (نۆرماڵ، موحەسەن، و سوپەر) دەرکرد.
بەپێی بڕیارە نوێیەکانی وەزارەت، نرخی فرۆشتنی بەنزین لە بەنزینخانەکاندا بەم شێوازەی خوارەوە سنووردار و ڕێکدەخرێت:
یەکەم: بەنزینی کوالێتی نۆرماڵ
نرخی فرۆشتنی ئەو بەنزینە نۆرماڵەی کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دابین دەکرێت، لە بەنزینخانەکاندا تەنیا 750 دینار دەبێت بۆ هەر لیترێک.
نرخی فرۆشتنی بەنزینی بازرگانیی کوالێتی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکاندا نابێت لە 850 دینار بۆ هەر لیترێک زیاتر بێت.
دووەم: بەنزینی کوالێتی موحەسەن
نرخی فرۆشتنی یەک لیتر بەنزینی کوالێتی موحەسەن لە بەنزینخانەکاندا نابێت لە 1000 دینار زیاتر بێت.
سێیەم: بەنزینی کوالێتی سوپەر
نرخی فرۆشتنی یەک لیتر بەنزینی کوالێتی سوپەر لە بەنزینخانەکاندا نابێت لە 1200 دینار تێپەڕ بکات.
چوارەم: چاودێریکردنی کوالێتی
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەخت دەکاتەوە کە پێویستە کوالێتیی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین (نۆرماڵ، موحەسەن، و سوپەر) بە تەواوی بە گوێرەی ڕێنمایی و پێوەرە فەرمییەکانی وەزارەت بێت و هیچ سەرپێچییەک لەم ڕووەوە قبوڵ ناکرێت.


