تا ئێستا له‌نێوان هه‌ردوو شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا رێككه‌وتنی كۆتایی نه‌كراوه، تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و سێ خاڵه‌ی كه به‌غدا وه‌كو مه‌رجی ناردنی مووچه دایناوه، ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتیش له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: دوو له مه‌رجه‌كان رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، ته‌نیا داهاتی نانه‌وتیی ماوه كه پێویستی به تێگەیشتنی زیاتر و رێككه‌وتنی كۆتایی هه‌یه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 25ی ئاب، شێروان دووبه‌ردانی ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند: دوو له مه‌رجه‌كانی ناردنی مووچه‌ی مانگی شه‌شی فه‌رمانبه‌ران رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر كراوه، ته‌نیا داهاتی نانه‌وتیی ماوه.
راشیگه‌یاند: ئێستا شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌ر له به‌غدان و ئه‌گه‌ری زۆره له ماوه‌ی 24 كاتژمێری داهاتوودا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ش بكرێت كه ماوه‌تەوە و په‌یوه‌ندی به داهاتی نانه‌وتییه‌وه هه‌یه.
شێروان دووبه‌ردانی زیاتر گوتی: كێشه‌كه ئه‌وه‌یه به‌غدا له ده‌ره‌وه‌ی یاسا داواكارییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم، چونكه داواكردنی 100%ی داهاتی نانه‌وتیی كه خۆی له باج و رسووماتی میری ده‌بینێته‌وه نا ده‌ستوورییه، ئه‌وه‌ش وای كردووه كه گفتوگۆ و ناكۆكییه‌كان درێژه بكێشێت.
شێروان دووبه‌ردانی ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ده‌بێت ته‌یف سامی ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌م دوو رۆژه‌ی شاندی هه‌ولێر و به‌غدا به نووسراوێك به‌یانی بباته كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران تا گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر نووسراوه‌كه ئه‌رێنی بێت ئه‌وا هه‌ر به‌یانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران داوا ده‌كات كه وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و ته‌یف سامی ته‌مویلی مووچه بكات.
ئاشكراشی كرد: له ماوه‌ی 24 كاتژمێری داهاتوودا بابه‌ته‌كه ته‌واو یه‌كلایی ده‌بێته‌وه و ئه‌گه‌ری زۆره به‌یانی له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری ته‌مویلی مووچه‌ی مانگی شه‌ش بدرێت، چونكه پێشتر نووسراو بۆ وه‌زاره‌تی دارایی چووه بۆ خه‌رجكردنی مووچه

