لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا، نرخەکانی نەوت جۆرێک لە سەقامگیری و دابەزینی کەمیان بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای ئەو شەپۆلە بەرزبوونەوەیە کە لە دەسپێکی هەفتەدا تۆمارکرا.
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 54 سەنت دابەزی و گەیشتە 95 دۆلار و 7 سەنت، هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دابەزینێکی زیاتری بەخۆوە بینی و بە دابەزینی زیاتر لە یەک دۆلار، بە 86 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەم پاشەکشە کاتییەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە بازاڕەکانی وزە شۆکێکی گەورەیان بەخۆوە بینی، بە جۆرێک هەردوو جۆرەکەی نەوت زیاتر لە 5٪ی نرخەکەیان چوونە سەر. ئەو بەرزبوونەوەیەش دوای تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکە هات، بەتایبەتی دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئێرانی لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی تەنگەی هورمز کە یەکێکە لە گرینگترین رێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا.
چاوەڕوان دەکرێت بازاڕەکان لەژێر کاریگەریی توندی ئەم پەرەسەندنە جیۆپۆلیتیکییانەدا بمێننەوە و هەر جۆرە ئاڵۆزییەکی نوێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵکشان و داکشانی نرخەکان هەبێت.

