بەهۆی بەردەوامی گرژییەکانی گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریاییەکان، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جارێکی تر ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ریکۆردی نوێی تۆمار کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 110.05 دۆلار، کە بەراورد بە نرخەکەی دوێنێ کە 107.04 دۆلار بوو، بە بڕی 3 دۆلار و یەک سەنت بەرزبووەتەوە و ئاستێکی نوێی تۆمار کردووە.
هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە هەمان شێوە گۆڕانکاری بەسەردا هات و نرخەکەی گەیشتە 98.23 دۆلار. ئەم نرخە بەراورد بە دوێنێ کە 96.10 دۆلار بوو، بە بڕی 2 دۆلار و 13 سەنت زیادی کردووە، ئەمەش نیشانەی بەردەوامی ئەو شەپۆلە بەرزبوونەوەیەیە کە لە بازاڕەکاندا هەستی پێدەکرێت.
سەبارەت بە کاریگەرییە سیاسی و ئابوورییەکان، بەردەوامی داخرانی تەنگەی هورمز وەک کارتێکی گوشار لە نێوان ئەمریکا و ئێران هێشتا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخەکان هەیە.
پەککەوتنی گواستنەوەی ئەو 20 ملیۆن بەرمیلەی کە پێش جەنگ ڕۆژانە بەو گەرووەدا تێدەپەڕین، وایکردووە نرخەکان لە ئاستێکی بەرزدا بمێننەوە، لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی ڕێککەوتنێکی نوێ دەکات بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان.

