هەندێک نەخۆش دەتوانن کاتی نزیکەی مانگێک پێش جەڵتەی دڵیان بیر بکەوێتەوە کە لەو کاتەدا تووشی ئازاری قەفەزەی سنگ بوون؛ هەروەها هەندێک کەس لە ڕۆژانی نزیک لە جەڵتەکەدا هەست بە توندبوونی نیشانەکان دەکەن.
جەڵتەی دڵ هەمیشە کتوپڕ و بێ ئاگادارکردنەوە ڕوو نادات و دەکرێت لەش لە چەند ڕۆژ یان چەند هەفتە پێشترەوە بە نیشانەکانی وەک ئازار یان پەستانی قەفەزەی سنگ، بڵاوبوونەوەی ئازار بەرەو مل، شان یان شەویلگە، تەنگەنەفەسی، ماندووبوون، دڵتێکچوون و کێشەی کۆئەندامی هەرس هۆشداری بدات.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە ناسینەوەی ئەم نیشانانە، بەتایبەت لە کاتی دووبارەبوونەوە یان توندبوونیاندا، لەگەڵ سەردانی بەکاتی پزیشک، دەتوانێت گیانی مرۆڤەکان ڕزگار بکات.
بە گوتەی دکتۆر ڕۆجەر بلۆمێنتاڵ، بەڕێوەبەری نێوەندی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنی سیکارۆن لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز، تەنگەنەفەسیی دڵ (ئەنجینا) یان ئازاری پچڕپچڕی قەفەزەی سنگ بەهۆی کەڵەکەبوونی پلاتیلیت لەنێو خوێنبەرەکاندا دروست دەبێت و دەتوانێت نیشانەیەکی هۆشداریدەر بێت بۆ ڕوودانی جەڵتەی دڵ لە ڕۆژانی داهاتوودا.
هەروەها تەسکبوونەوە یان گرژبوونی لەناکاوی خوێنبەرەکانی سەر دڵیش دەکرێت نیشانەیەکی وەها دروست بکات. بەگوێرەی ڕاپۆرتی هافپۆست، لە کاتی هەستکردن بە هەر ناڕەحەتییەک لە قەفەزەی سنگدا پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەن، چونکە تەنگەنەفەسیی دڵ هەمیشە بە شێوەی ئازار دەرناکەوێت.
جەڵتەی دڵ زۆرجار بە ئازاری لەناکاوی باڵی چەپ دەبەسترێتەوە، بەڵام ڕەنگە نیشانەکانی ئازار لە قۆناغە سەرەتایییەکاندا هێندە دیار نەبن. بلۆمێنتاڵ دەڵێت: «هەندێک جار تەنگەنەفەسیی دڵ هەمان ئازار یان هەستی پەستانە لە قەفەزەی سنگدا، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا، بەتایبەت لە بەساڵاچوواندا، لەوانەیە لەگەڵ نیشانەی دیکەی وەک ئازاری بڵاوبووەوە بەرەو مل، شان یان باڵ دەربکەوێت.»
دکتۆر ئابها خاندێلوال، مامۆستای کلینیکیی پزیشکیی دڵ لە نێوەندی تەندروستیی ستانفۆرد، دەڵێت ئەم نیشانەیە دەکرێت بە شێوەی هەستکردن بە سڕبوون تا شەویلگە سەرکەوێت. دکتۆر خاندێلوال دەڵێت زوو هەناسەبڕکێش دەتوانێت زەنگی مەترسی بێت؛ بۆ نموونە دوای ئەنجامدانی کارێکی سادە وەک دانانی گلۆپێکی نوێ یان ئامادەکردنی باخچە بۆ وەرزی بەهار، لە ئاستی ئاسایی زیاتر تووشی تەنگەنەفەسی ببن. ناوبراو گوتیشی هەندێک کەس دوای چالاکیی جەستەییی قورس تووشی سڕبوونی باڵ یان ناڕەحەتی لە قەفەزەی سنگدا دەبن.
بە گوتەی دکتۆر نیکیڵ سیکاند، مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکیی یەیڵ، ئازاری سک، دڵتێکچوون و ماندووبوونی گشتی دەکرێت نیشانەی هۆشداریدەری جەڵتەی دڵ بن؛ هەرچەندە ئەم نیشانانە لای هەموو کەسێک دەرناکەون. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: «ڕەنگە هەندێک نەخۆش نیشانەی سووکیان هەبێت یان هیچ نیشانەیەکیان نەبێت.» مەودای کاتیی نێوان دەرکەوتنی نیشانەکان و ڕوودانی جەڵتەی دڵ جیاوازە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت. سەرەڕای ئەوەش، خاندێلوال گوتی نزیکەی دوو لەسەر سێی نەخۆشەکانی لە کاتی پێداچوونەوە بە مانگێکی پێش جەڵتەکەدا، کاتێکیان بیر دەکەوێتەوە تووشی ئازاری قەفەزەی سنگ بووبوون. هەروەها هەندێک کەس لە ڕۆژانی نزیک لە جەڵتەکەدا هەست بە توندبوونی نیشانەکان دەکەن.
ناوبراو گوتی: «زۆربەی کات لە هەمان ڕۆژ یان هەفتەی پێش جەڵتەکەدا نیشانەی زیاتر دەردەکەون؛ دەکرێت ئەم نیشانانە زیاتر دووبارە ببنەوە، ماوەیەکی زۆرتر بخایەنن یان توندتر ببن.» لە کاتی هەستکردن بە هەر یەکێک لەم نیشانانەدا، وەرگرتنی یارمەتیی پزیشکی پێویستە. بەتایبەت لە کاتی کتوپڕ و توندبوونی نیشانەکاندا دەبێت دەستبەجێ پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە بکرێت. تەنانەت لە کاتی نەبوونی پێشینەی نەخۆشیی دڵ و سووکبوونی نیشانەکانیشدا، پێویستە پزیشک ئاگادار بکرێتەوە. پزیشک دەتوانێت هەنگاوی گونجاو دیاری بکات و پشکنینی پێویست ئەنجام بدات. ئەو کەسانەی بەخێرایی چارەسەری پزیشکی وەردەگرن، تەنانەت دوای ڕوودانی جەڵتەی دڵیش دەتوانن چارەسەری ڕزگارکەر وەربگرن.
خۆپاراستن لە جەڵتەی دڵ لە ژیانی ڕۆژانەدا هەرچەندە زۆرینەی هۆکارەکانی مەترسی لە دەرەوەی کۆنترۆڵن، بەڵام دەکرێت بەشێکی دیکەیان کۆنترۆڵ بکرێن. هەنگاوی سادەی وەک ڕۆیشتنی ڕۆژانە یان لابردنی هەندێک خۆراک لە ژەمی ڕۆژانەدا، لە تەنیشت ئاگاداربوون لە پێوەرە گرنگەکانی تەندروستی وەک ئاستی پەستانی خوێن، کۆلستڕۆڵ، شەکرەی خوێن و ناسینی نیشانە هۆشداریدەرەکانی جەڵتەی دڵ، دەتوانێت ئەگەری کێشەی دڵ کەم بکاتەوە.
تەنانەت لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵیشدا، ناسینی هۆکارەکانی مەترسی و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی تەندروستی گرنگیی زۆری هەیە. دکتۆر بلۆمێنتاڵ ڕوونی دەکاتەوە: «دوای ئەوەی مرۆڤ یەک جار تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت، ئەگەری ڕوودانی کێشەیەکی دیکەی دڵ لە ساڵی دواتردا زۆر زیاترە؛ بۆیە ڕاستکردنەوەی هۆکارەکانی مەترسیی پەیوەست بە شێوازی ژیان و وەرگرتنی دەرمانی گونجاو گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە.»

