ئۆلەسیا ماخوفا، شارەزای بواری خۆراک لە ڕووسیا، ڕایگەیاندووە کە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی دەوڵەمەند بە بەرهەمە ڕووەکییەکان، تەندروستیی گورچیلەکان دەپارێزێت و ماندووبوونیان کەم دەکاتەوە، بۆیە گرنگە لە ژەمە ڕۆژانەکاندا بایەخیان پێ بدرێت.
گرنگترین ئەو خۆراکانەی گورچیلە دەپارێزن:
-
پاقلەمەنییەکان (نۆک، فاسۆلیا و نیسک): لە پێشەنگی ئەو خۆراکانەن کە پێویستە بخورێن؛ چونکە جەستە پرۆتینی ڕووەکی زۆر ئاسانتر لە پرۆتینی ئاژەڵی هەرس دەکات، ئەمەش وا دەکات گورچیلەکان کەمتر ماندوو ببن.
-
دانەوێڵە تەواوەکان (شۆفان، برنجی قاوەیی و نانی بۆر): بەهۆی دەوڵەمەندییان بە ڕیشاڵ، یارمەتیی ڕێکخستنی زیندەچالاکییەکانی جەستە دەدەن و پرۆسەی فڕێدانی پاشماوە زیانبەخشەکان خێراتر دەکەن.
-
گوێز و تۆوەکان: سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندن بە چەورییە بەسوودەکان کە جەستە پێویستی پێیانە.
ڕێنمایی و هۆشدارییەکان:
-
دوورکەوتنەوە لە “خۆراکی سیحراوی”: ماخوفا جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت تەنها پشت بە یەک یان دوو جۆری دیاریکراو ببەسترێت بەو پێیەی خواردنێکی سیحراوی بوونی نییە، چونکە کارکردنی گورچیلە پەیوەستە بە کۆی گشتیی سیستەمی خۆراک، بۆیە پێویستە جۆراوجۆری لە خواردنی ڕووەکیدا هەبێت.
-
ئاگاداری بۆ تووشبووانی بەردی گورچیلە: ئەو کەسانەی مەترسیی دروستبوونی بەردی گورچیلەیان هەیە، دەبێت لە خواردنی (سپێناغ، چەوەندەر و ترشۆک) وریا بن.
-
ڕاوێژکردن بە پزیشک: سیستەمی خۆراکی ڕووەکی بۆ هەموو کەسێک وەک یەک گونجاو نییە، بەتایبەت ئەو کەسانەی نەخۆشیی پێشوەختەیان هەیە، پێویستە بەر لە هەر گۆڕانکارییەک لە ژەمەکانیاندا، ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەن.

