ژەمی ئێواران یەکێکە لە ژەمە گرنگەکان، جا لەگەڵ خێزان بێت یان بەتەنها، بەو پێیەی کاردەکات بۆ دابینکردنی وزە بۆ جەستەمان، بەڵام خواردن هەیە کە پێشنیار ناکرێت بیخۆین چونکە لەوانەیە ببنە هۆی کەمخەوی یان هەست بە باشی نەکەین.
بەپێی ئەوەی کەناڵی “سی نیوز”ی فەرەنسی بڵاویکردەوە، خواردنەکان بریتین لە:
١.بەهاراتەکان، کاریی، زیرە، بیبەر ئەم بەهاراتانە تامێکی زۆر بە خواردن دەبەخشن، بەڵام باشتر وایە لە خواردنی ئێواراندا دوور لێی بکەویتەوە، لە راستیدا هەرسکردنیان بە تایبەتی قورسە، هەر بۆیە هەندێک جار دەتوانن ببنە هۆی دڵەکزێ یان ئازاری گەدە.
٢.باینجان، باینجان لە ژەمەکانماندا زۆر باوە بەڵام پێویستە پێش خەوتن لێی دوور بکەوینەوە، چونکە باینجان نیکۆتینی تێدایە کە تایبەتمەندی هاندەری هەیە، بەمەش خەوتن قورستر دەکات.
٣.خواردنە چەورەکان، بەشێوەیەکی گشتی پێویستە دووربکەونەوە لە چەوریەکان، چونکە ئەم ماددانە کاتێکی زۆری دەوێت بۆ هەرسکردن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمخەوی و کێشەی خەوتن، بۆیە پێویستە بە رێژەیەکی مامناوەند کەرە و خواردنی سورکراوە بخورێت.
٤.قاوە، ئەم خواردنەوەیە بە باشترین چارەسەر دادەنرێت ئەگەر بتەوێت لە خەو رزگارت بێت، بۆیە پێویستە پێش خەوتن بە تەواوی خۆت لە خواردنەوەی قاوە بەدوور بگریت، چونکە کافاین مادەیەکی هاندەرە کە دەبێتە هۆی کەمخەوی.
توێژینەوەیەکی ئەمریکی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣ دەریخستووە کە خواردنەوەی قاوە تا ٦ کاتژمێر پێش خەوتن کاریگەری لەسەر کوالێتی خەو دەبێت.
٥.میوەکانی دەوڵەمەند بە ڤیتامین سی، ڤیتامین سی بە تایبەتمەندی هاندەر ناسراوە، بۆیە پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لە خواردنی ئەو میوەیانەی کە دەوڵەمەندن پێی لە ئێواراندا، وەک قەیسی، لیمۆ، شووتی، یان تەنانەت کیوی، جا بە فرێشیی بێت یان لە شێوەی شەربەتدا.
٦.خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوە گازییەکان دەبنە هۆی ئاوسانی گەدە، هەروەها خواردنەوەیان لە ئێواراندا بە مەترسیدار دادەنرێت، چونکە هەندێکجار رێژەیەکی بەرزی سۆدیۆمیان تێدایە، بەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە حەزت لە لەخەوهەڵسان بێت بۆ خواردنەوەی ئاو.
٧.گۆشتی سوور، گۆشتی سوور دەوڵەمەندە بە پرۆتین و نابێت پێش خەوتن بخورێت، لە راستیدا دەبێتە هۆی ئەوەی پرۆسەی هەرسکردنی زۆر خاو بێت، کە رەنگە لە شەودا بەردەوام بێت.
٨.شوکولاتەی تۆخ، هەرچەندە دەوڵەمەندن بە دژە ئۆکسان، بەڵام کافاین و تیۆبرۆمینیان تێدایە کە هاندەرن و دەتوانن خەوتن قورستر بکەن، جگە لەوەش ئەم ماددانە دەتوانن لێدانی دڵت زیاد بکەن و بەم شێوەیەش ناهێڵن چێژ لە خەوی ئارام وەربگریت.