هەم ڕۆماتیزم دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی غوددە، هەم نەخۆشییەکانی غوددەش دەبنەهۆی دروستبوونی نیشانەی ڕۆماتیزم لە کەسی تووشبوودا.
هۆکارێکی سەرەکیی توشبوون بە ڕۆماتیزم، بریتییە لە سەرلێشێوانی کۆئەندامی بەرگری، بەجۆرێک لەبری پەلاماردانی بەکتریا و ڤایرۆس و تەنە زیانبەخشەکان، دێت و پەلاماری جومگە و ماسولکەکان دەدات و نەخۆشیان دەخات. لە بەشێکی حاڵەتەکانی غوددەشدا، کۆئەندامی بەرگری سەری لێدەشێوێت و پەلاماری غوددەی دەرەقی دەدات و نەخۆشی دەخات.
٢٥٪ی حاڵەتەکانی هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی، هەمانکات گرفتی تەمبەڵیی غوددەیان هەیە.
ئەمانە دەریدەخەن پەیوەندییەکی نزیک هەیە لەنێوان ڕۆماتیزم و نەخۆشییەکانی غوددە.
نیشانە ڕۆماتیزمییەکانی تەمبەڵیی غوددە ئەمانەن:
1-ماندوویی و بێهێزیی ماسولکەکان، بە تایبەت لە ناوچەی ڕان و شان.
2-لەش داهێزران و بێهیزیی گشتیی جەستە.
3-ئازار و هەڵاوسانی جومگەکان، بە تایبەت جومگە وردەکانی دەست.
4-هەندێک کات ئازار و ئاوسانی جومگە گەورەکان، وەکوو جومگەی ئەژنۆ.
5-سڕبوون و تەزینی دەست و پەنجەکان، بەهۆی دروستکردنی نەخۆشیی کارپاڵ تونێڵ (لەناو خەڵکیدا پێی دەوترێت گیرانی دەمار).
لە زۆر چالاکیی غوددەشدا هەوکردن و سستبوونی ماسولکەکان ڕوودەدات.
کەسێک کە غوددەی هەیە و ئەم نیشانانەی هەیە، ڕەنگە بەشێک بێت لە نەخۆشیی غوددەکەی، بەڵام دووریش نییە ڕۆماتیزمێکی سەربەخۆ بێت، بۆیە تووشبووی غوددە گرنگە ڕاوێژ بە پزیشکی جومگە و ڕۆماتیزم بکات ئەگەر ئەو نیشانانەی هەبوون کە باسمان کردن.
د. سەروەر سالار چوچانی
پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم و فەقەرات

