زۆرجار لە نەخۆشی وڵاتی خۆمان دەپرسیت، ئایا هۆکاری توشبون بە جەڵتە چی بو؟ یان هەر نەخۆشیەکی دیکەی درێژخایەن وەکو شەکرە یان بەرزەفشاری خوێن (زەخت)؟ لە وەڵامدا دەڵێت کە بە هۆی فڵانە خەم و خەفەتەوە بو، خەفەتی لە دەستدانی براکەی، یان خەفەتی زەرەر لە کاسبی، یان خەفەتی فڵانە خورپە بو.
دكتۆر زانیار ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی راستیی ئەو بابەتە ئاشكرادەكات و دەڵێت، “ئەمە لە زانستدا زۆر ڕاست نییە، خەفەت و خورپە نەخۆشییەکان دەتەقێننەوە لەو کەسەدا، بەڵام توشی نەخۆشت ناکات، واتە کەسێک خۆی هەڵگری شەکرە بوە، بەڵام بە خورپەکە تیایدا دەرکەوتوە، نەک ئەو ڕۆژەی توشی خورپە یان خەفەت بو ئەوا ئەو ڕۆژە توشی شەکرە بوبێت”.
وتیشی، “خەم و خەفەت وڕۆڵیشیان هەیە لە خراپتر کردنی باری دەرونیی، هەمو تێکچونێکی باری دەرونیش نەخۆشییە جەستەییەکان خراپتر دەکات، بەڵام دیسانەوە ئە نەهامەتییانە توشی نەخۆشیی جەڵتە و زەختمان ناکات”.
ئەمە بۆ گرنگە هەموان بیزانین؟
گەر بێت و نەخۆش وا بزانێت خەفەت توشی جەڵتەی کرد، ئیتر خۆی یان کەس و کار قفڵی دەکەن لە دنیا و هەرچی هەواڵی ناخۆشە لێی دەشارنەوە لە کاتێکدا بە ویستی خۆی دەرمانەکانی تەرک دەکات یان بەردەوام دەبێت لە جگەرە کێشان یان بە ویستی خۆی سەروپێ و کەباب دەخوات.
ئەو پزیشكە راشیگەیاند، “ڕاستی مەسەلەی توشبونمان بە جەڵتە و شەکرە و ئەوانە هۆکارەکەی بۆماوەیی و ئەو خراپ خۆری و جگەرە کێشانەیە کە ئەوان پشگوێی دەخەن و تەنها چیرۆکی خەفەتەکە لایان گرنگە”.

