zagros news agency

لەبەر نەبوونی نوێنەرانی راستەقینه هاوپەیمانیی ئێزدی کۆبوونەوەیەکی حکومی دەربارەی شنگال ڕەت دەکاتەوە

هاوپەیمانیی «پرسی ئێزدی»، ڕۆژی چوارشەممە، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی حکومیی تایبەت بە تاوتوێکردنی دۆسیەی شنگالی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە بەشدارنەکردنی نوێنەرانی ئێزدی و خەڵکی قەزاکە لە کۆبوونەوەکەدا، لەگەڵ سروشتی بابەتە خستنەڕووەکان و تایبەتمەندیی ناوچەکەدا ناگونجێت.

هەڵوێستی هاوپەیمانیی پرسی ئێزدی:
موراد ئیسماعیل، سەرۆکی کتڵەی هاوپەیمانییەکه لە ئۆنجومەنی نوێنەران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هاوپەیمانییەکەیان بە «نیگەرانییەکی زۆرەوە» چاودێریی میتۆدی سەرۆک وەزیران و ستافە حکومییەکەی دەکات بەرامبەر دۆسیەی شنگال، لەوانەش پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای تایبەت بە قەزاکە بێ ئەوەی پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێزدی، نوێنەرانی پەرلەمان و خەڵکی شنگالەوە بکرێت.
ڕاشیگەیاند کە هاوپەیمانییەکەیان تووشی «سەرسوڕمان» بووە بە بەستنی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای دەوڵەت بە بێ بەشداریی نوێنەرانی ئێزدی یان خەڵکی شنگال، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەنگی پێکهاتەکە و خەڵکی ناوچەکەی تێدا نییە.
ڕەتکردنەوەی بڕیارە سەرپێییەکان:
موراد ئیسماعیل جەختی کردەوە کە هاوپەیمانییەکەیان کۆبوونەوەکە و هەر دەرئەنجامێک لە کۆبوونەوەکەوە بکەوێتەوە ڕەت دەکاتەوە، چونکە کێشەی ئێزدیی ناوچەکە بێ بەشداریی ڕاستەوخۆی ڕۆڵەکانی جێبەجێ ناکرێت.
باسی لەوەش کرد کە ڕێگە بە درێژەدان و «سەپاندنی بڕیارەکان» نادەن لەسەر کێشەی ئێزدی، و ڕەخنەی لەو مامەڵەیە گرت کە بە «شێوازێکی سەرپێیی نابەرپرسیار» وەسفی کرد و بەراوردی کرد بە ئەزموونی ڕێککەوتننامەی شنگال.
جەختیشی کردەوە کە ئامادەن بۆ «هاوکاریی بنیادنەرانە لەگەڵ حکومەتدا لەسەر بنەمای هاوبەشی و ڕێزی دوولایەنه» تاوەکو مافەکانی پێکهاتەی ئێزدی و کەرامەتی خەڵکی شنگال پارێزراو بێت.

ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی و کارگێڕیی بەرفراوان لە بەغدا بۆ تاوتوێکردنی سەقامگیریی شنگال، گەڕانەوەی ئاوارەکان، دۆسیەی ئەمنی و کارگێڕی و پلانی ئاوەدانکردنەوە بەسترا.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی فەریق یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ئەلشەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی بەرێوەچوو، بە بەشداریی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆکی هەردوو دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی نیشتمانی، و بەڕێوەبەری نووسینگەی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP). لە کۆبوونەوەکەدا بەلاوکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان، کاراکردنی ڕۆڵی پۆلیسی ناوخۆیی، کۆتاییهێنان بە چەکداری و ڕێکخستنەوەی بارودۆخی کارگێڕی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان تاوتوێ کرابوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

جامی ئینگلتەرا.. مانیونایتد شکستی بە مانسیتی هێنا و بووە پاڵەوانی جامەکە

یاسین

‎نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزان پیرۆزبایی لە موسڵمانان دەکات

گوران

خشتەی گرینگترین یارییەکانی سبەی سێ شەممە

یاسین