zagros news agency

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی کەنیسەکانی ئەمریکا و هەولێر دەکات و تەئکید لە پاراستنی پێکەوەژیانی ئاینی دەکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.7.1، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆیی و ئاینییەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی کەنیسە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان کرد، کە پێکهاتبوون لە قەشە جیم براون، سەرۆکی کەنیسەی بەخشش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و قەشە مەلاز بەیسوون، سەرۆکی کەنیسەی ئەلئیتحادی هەولێر و شاندێكی یاوەریان.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەسەر چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە سەقامگیری، پێکەوەژیان، و بارودۆخی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان کرا و پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، ئاماژەی بە مێژووی دەوڵەمەندی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای هەولێر بەتایبەتی کرد لە پاراستنی بەیەكەوە ژیانی ئاینی و نەتەوەیی و تەئکیدی لەوەکردەوە کە هەولێر نموونەیەکی جیهانیە لەناوچەكەدا بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند کە پێشمەرگەی كوردستان لە جیاتی هەموو جیهان بە پاڵپشتی و هەماهەنگیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، توانی مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستی تێکبشکێنێت و مرۆڤایەتی لەو هەڕەشەیە بپارێزێت، جەختی لەوەش کردەوە کە لە کاتی هێرشەکانی داعش و تێکچوونی باری ئەمنی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هەولێری پایتەخت دەرگاکانی واڵا کرد بۆ پێشوازیکردن لە هەزاران خێزانی مەسیحی کە لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و شارەکانی ترەوە ئاوارە بوون، و سەرجەم خزمەتگوزارییە پێویستەکانی بۆ دابین کردن.

پاشان باس لە ڕۆڵی مرۆیی هەرێمی کوردستان کرا وەک پەناگەیەكی پارێزراو نەک تەنها بۆ هاووڵاتیانی عێراقی، بەڵکو بۆ پەنابەرانی وڵاتانی دراوسێش، کە لە کەمپ و ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگاکەدا نیشتەجێکراون و پارێزگاریان لێدەکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەكەدا، پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر ئاستەنگە ئابووری و داراییەکانی بەردەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دووپاتی كردەوە ئەگەر ئەو زوڵم و غەدرە دارایی و بەربەستانە نەبووایە کە لە ڕابردوودا لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی پەیڕەو دەکرا، دڵنیابن ئێستا ئاستی پێشکەوتن، گەشەسەندن و ئاوەدانی لە هەولێری پایتەخت لە قۆناغێکی زۆر پێشەنگتر و باڵاتردابوو، و شارەکە بە خێراییەکی فرەوانتر لە هەموو سێکتەرەکاندا دەگەشایەوە، پارێزگار جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای ئەو گەمارۆ و ئاستەنگانەش، ئیرادەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردن و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی پایتەخت هەرگیز سست نەبووە.

لەكۆتایدا، شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان و کەنیسەکانیان ئاراستەی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر کرد و ئەو ئازادییە ئاینییە ڕەهایەی لە کوردستاندا هەیە بەرز نرخاند و ڕایانگەیاند کە شاری هەولێر سەلماندوویەتی کە پایتەختی ئاشتی و لێبوردەییە، و شوێنی حەوانەوە و پاراستنی کەرامەتی ئەو مرۆڤانەیە کە بەهۆی جیاوازی بیروباوەڕ و ئاینەوە ڕووبەڕووی چەوسانەوە دەبنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی هەماهەنگی لە پڕۆژە مرۆیی و خێرخوازییەکاندا دووپاتکردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

مەریوان قەرەنی: رێككەوتنەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچە چارەسەرێكی گونجاوە و پێویستە پاساوی نوێ نەهێندرێتەوە

دڵشاد

راگەیندراوێک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

یاسین

شاندێکی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئه‌منییه‌كان دەکات

یاسین