ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی تەممووزی 2026، سروە ڕەسول، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC)، پێشوازی لە پێدرۆ لویس ڕۆجۆگراسیا، بەرپرسی ئۆفیسی یارمەتییە مرۆییەکانی یەکێتیی ئەوروپا (ECHO) لە عێراق کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی (JCC)، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی پێدرۆ لویس لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. لە سەرەتای دیدارەکەدا، سروە ڕەسول سوپاسی کار و چالاکییەکانی ناوبراوی کرد لە ماوەی ڕابردوودا و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوودا بۆ خواست.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر کار و پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا لە ماوەکانی ڕابردوودا، هەروەها چەندین تەوەر و خاڵی گرنگی پەیوەست بە هەماهەنگییەکان و بارودۆخی مرۆیی تاوتوێ کران.
ئۆفیسی (ECHO) کە سەر بە یەکێتیی ئەوروپایە، یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و بەڕێوەبردنی تەنگژەکان.

