ئەمڕۆ سێشەممە، لە پارێزگای دهۆک کۆبوونەوەیەک لەبارەی پڕۆژەیاسایەکی نوێی تایبەت بە بەڕێوەبردنی پاشماوەکان ئەنجامدرا، کە بڕیارە لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی (VNG)ی هۆڵەندی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕەوشەن ئەتروشی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕێکخراوەکە لە عێراق، بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و فەرمانگەی ژینگە ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسایەکی نوێی هەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەدانی پاشماوەکان کرا.
ئەو پڕۆژەیاسایە لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسندکراوە و ڕەوانەی پەرلەمان کراوە بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەکی کارپێکراو.
جێگری پارێزگاری دهۆک، وێڕای دەستخۆشی لە کار و پڕۆژەکانی ڕێکخراوە هۆڵەندییەکە، ئامادەیی تەواوی ئیدارەی پارێزگاکەی نیشاندا بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە. ڕایگەیاند: “ئیدارەی دهۆک لە ڕووی یاسایی، تەکنیکی و بە هاوکاریی مامۆستایانی زانکۆ و کەسانی پسپۆڕ، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیاسایە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنووری پارێزگای دهۆک بەتایبەتی.”
ڕێکخراوی VNGی هۆڵەندی، کار لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی حکومەتە خۆجێییەکان دەکات و ئەم پڕۆژەیاسایەش بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی ژینگە و بەڕێوەبردنی پاشماوەکان بە شێوەیەکی زانستی.

