هاوکات لەگەڵ دەرچوونی فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی بەنزین، لە پارێزگای هەولێر، لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین ماوەی ٤٨ کاتژمێرە ئەرکەکانی خۆی رایی دەکات.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین و پاراستنی مافی هاووڵاتییان، لێژنەیەکی تایبەت لە پارێزگای هەولێر بە سەرۆکایەتی عەقید نیهاد نەوزاد لە بەرێوبەرایەتی کاروباری ناوخۆی پارێزگاو ئەندامیەتی نوێنەرانی بەرگری شارستانی هەولێرو بەرێوبەرایەتی ئاسایشی کشتی و قائیمقامیەتی قەزای ناوەندو بەرێوبەرایەتی نەوت و کانزاکان پێکهاتووە کە بە شێوەی بەردەوام سەردانی بەنزینخانەکان دەکات، بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە نرخە نوێیە دیاریکراوەکان و هەروەها چاودێریکردنی کوالێتی بەنزینی دابینکراو بەپێی ستانداردە پەسەندکراوەکان.
ئەندامانی لێژنەی چاودێری کردن دووپاتیان کردووەتەوە کە هیچ جۆرە سەرپێچییەک رێگەی پێ نادرێ و هەر بەنزینخانەیەک پابەند نەبێت بە بڕیارەکان، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی، سزای کارگێڕی و داخستنی شوێنی کار دەبێتەوە.
ئامانجی ئەم هەنگاوە، جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی حکومەت، دابینکردنی بەنزینێکی باش بە نرخێکی گونجاو، بەهێزکردنی چاودێری بازاڕ و پاراستنی بەرژەوەندی و مافی هاووڵاتییانە.

