zagros news agency

نەرویج لە جەمسەری باکووردا دەستی بەسەر کەشتییەکی رووسیدا گرت

 

کەشتییەکی گەشتیاریی دۆزینەوەی سەر بە ڕووسیا لە لایەن دەسەڵاتدارانی نەرویجەوە لە کەناراوەکانی سڤاڵبارد لە ئۆقیانووسی بەستەڵەکی باکووردا دەستی بەسەردا گیرا. ئەم هەنگاوەی تووڕەیی ڕووسیای لێ کەوتەوە، لە پاش داوای قەرەبووی کۆمپانیای ئۆکراینی “نەفتۆگاز” ئەنجام دراوە.

کەشتیی ڕووسیای “پڕۆفیسۆر مۆلچانۆڤ” لە لایەن دەسەڵاتدارانی نەرویجەوە لە دوورگەکانی سڤاڵبارد لە ئۆقیانووسی بەستەڵەکی باکووردا دەستی بەسەردا گیرا.

بە گوتەی بەرپرسانی سڤاڵبارد، ئەم دەستبەسەرکردنە لەسەر داوای کۆمپانیای وزەی دەوڵەتیی ئۆکراینا، “نەفتۆگاز” (Naftogaz) جێبەجێ کراوە.

ئەم هەنگاوە بەدوای دەرچوونی بڕیارێکی ناوبژیوانی هات کە بە پێی بڕیارەکە ڕووسیا بە پێدانی قەرەبوو سزا درابوو. مۆسکۆ ئێستا نەرویج بە “چەتەیی دەریایی” تۆمەتبار دەکات.

بە پێی بەیاننامەیەکی بڵاوکراوە، کەشتیی “پڕۆفیسۆر مۆلچانۆڤ” ڕۆژی چوارشەممە 2ی ئەیلوول (11ی خەرمانان) بە بڕیاری دادگە دەستی بەسەردا گیرا و هەتا ئاگادارکردنەوەیەکی تر لە بەندەری بارێنتسبۆرگدا دەمێنێتەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: «ڕێکارە یاساییەکان و بڕیاری دەرچوو بەشێکن لە خەباتی ئەم کۆمپانیایە [“نەفتۆگاز”] بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی لە ساڵی 2014دا لە لایەن ڕووسیاوە دەستیان بەسەردا گیراوە.»

ڕۆژنامەی نەرویجیی “ئافتێنپۆستێن”یش لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی پۆلیسی سڤاڵباردەوە ئەم هەنگاوەی پشتڕاست کردەوە.

لارس فۆس، پارێزگاری سڤاڵبارد بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی نەرویجیی NRKی گوت نەرویج لەگەڵ کۆمپانیای Trust Arktikugolدا هاوکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی بە دەستە و سەرنشینانی ئەم کەشتییە بازرگانییە.

بە گوتەی کۆمپانیای “نەفتۆگاز”، داراییەکانی ئەم کۆمپانیایە بەتایبەت لە کەرتی نەوت و گازدا، لە نیمچەدوورگەی کریمیادان کە ڕووسیا لە ساڵی 2014دا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان خستییە سەر خاکی خۆی.

بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئەم کەشتییەش بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە داراییە دواکەوتووانە دەرکراوە. بڕیاری ناوبژیوانیی ساڵی 2023 نزیکەی 4.2 ملیار دۆلاری وەک قەرەبووی داراییە دەستبەسەرداگیراوەکانی کریمیا بۆ کۆمپانیای “نەفتۆگاز” دیاری کرد.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە ئاژانسی دەوڵەتیی تاس (TASS)ی گوت دەستەواژەی “ڕفاندن” دەستەواژەیەکی دروستترە بۆ ئەم هەنگاوە. ناوبراو گوتی وێنەی تەواوی ڕووداوەکان ئێستا ڕوون دەبێتەوە و ڕۆژئاوای بە “یاساییکردنی چەتەیی دەریایی” تۆمەتبار کرد.

کەشتیی “پڕۆفیسۆر مۆلچانۆڤ”ی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا، لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ گەشتە دۆزینەوەییەکان و گواستنەوەی سەرنشینان لە نێوان شاری مورمانسکی ڕووسیا و بەندەری بارێنتسبۆرگدا بەکار هاتووە.

دوورگەکانی سڤاڵبارد دەوڵەمەندن بە سەرچاوەی سروشتی و دەکەونە نێوەڕاستی ڕێگەی نێوان خاکی سەرەکیی نەرویج و جەمسەری باکوور. ڕووسیا لەم دوورگانەدا شارۆچکەی کانزایی بارێنتسبۆرگی بۆ دەرهێنانی خەڵوز لەبەردەستدایە. بە پێی ماڵپەڕی شوێنپێهەڵگری کەشتییەکانی “ڤێسڵفایندەر” (Vesselfinder)، کەشتیی “پڕۆفیسۆر مۆلچانۆڤ” لە نزیک بارێنتسبۆرگدا لەنگەری گرتووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکوومەت پردی دەربەندی ڕانیەی کردەوە  و گوتارێكی پێشكه‌ش كرد

سەڵاح

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) دەكات

یاسین

شوێنەوار كۆدەكانی ناساندنی نەتەوە

یاسین