ئەمڕۆ دووشەممە، لە دیوانی پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ ئامادەکارییەکانی تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لە دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ قوتابیان کرایەوە.
ئەمڕۆ (10ـی ئابی 2026)، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ی ئامادەیی (خولی دووەم) بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026، لیژنەی باڵای ئەمنی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و بەرپرسانی ئەمنی، کارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و جەختی لەسەر پێویستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ساڵانی ڕابردوو کردەوە بۆ تێپەڕاندنی هەر کەموکوڕییەک. هەروەها ڕێنمایی توندی دا لەسەر دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ قوتابیان لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، بە تایبەتی دابینکردنی کارەبای بەردەوام و ئامێرەکانی فێنککردنەوە.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە:
کەرتی کارەبا: ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا و ئەنجومەنی موەلیدەکان بۆ دابینکردنی وزەی پێویست بۆ هۆڵەکان.
لایەنی ئەمنی: داڕشتنی پلانێکی تۆکمە بە هەماهەنگی ئاسایش، پۆلیس و زێرەڤانی بۆ پاراستنی ئارامی پرۆسەکە.
پێداویستی لۆجستی: دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بوار درا بە لێژنەکانی تاقیکردنەوەکان بۆ خستنەڕووی سەرنج و گرفتەکانیان، و ڕێکاری گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە لۆجستییەکان دیاریکرا. ئامادەبووان دووپاتیان کردەوە کە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە پرۆسەی تاقیکردنەوەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر بە باشترین شێوە و بێ کەموکوڕی بەڕێوە بچێت.

