zagros news agency

باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق: سیاسەتەکانی سەرۆک بارزانی هەرێمی کوردستانی لە ململانێکان پاراستووە

باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق ستایشی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەکات لە پاراستنی هاوسەنگی و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمیش لە بەغدا دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە سەقامگیریی عێراق و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی ئابی 2026، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشوازی لە ئەلبێریس کوتراشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی تاوتوێ کران.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە کاریگەریی گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر وڵاتان و گەلانی ناوچەکە. باڵیۆزی ڕووسیا لەو چوارچێوەیەدا سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

ئەلبێریس کوتراشێڤ لە میانی دیدارەکەدا، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد لە پاراستنی هاوسەنگیی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە تێوەگلانی هەرێم لە ململانێ و هاوپەیمانێتییە ناوچەییەکان، کە بووەتە هۆی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری. باڵیۆزی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە “ئەم ڕێبازە باشترین بژاردەیە لە هەلومەرجی ئێستادا” و داوای لە هەرێمی کوردستان کرد لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت.

لەلایەن خۆیەوە، فارس عیسا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکی، پاڵپشتی لە حکومەتەکەی عەلی ئەلزەیدی دەکات.

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی چوارچێوە یاساییەکانەوە، بە ئاراستەی بەهێزکردنی سەقامگیری و هەماهەنگیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانێتی عەزم کۆدەبێتەوە

یاسین

سبەی لوتکەی ئینگلتەڕا بەڕێوە دەچێت

یاسین

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئەوروپا دەهەژێنێت

یاسین