ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی هەرسێ ئەنجومەنی (دراو، خانووبەرە و زێڕینگران) کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بووە بۆ گەشەپێدانی کەرتی ئابووری و پشتگیریکردنی کاسبکاران. تێیدا بەوردی تیشک خراوەتە سەر ڕەوشی ئێستای بازاڕ، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، دۆخی کار و کەسابەتی هاووڵاتییان و پەرەپێدانی هەرسێ سێکتەری دراو، زێڕ و خانووبەرە وەک بڕبڕەی پشتی جووڵەی دارایی لە پایتەخت.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردووەتەوە کە “پاراستنی سەقامگیریی ئەم بازاڕانە و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کاسبکاران لە پێشینەی کارەکانمانە.”
هەر بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان کراوە. هەروەها گوێ لە کێشە و گرفتەکانی پیشەوەران و خاوەنکاران گیراوە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و هاندانی زیاتری وەبەرهێنان لە شاری هەولێر.

