zagros news agency

ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕای گشتی

 

لەم رۆژانەی دواییدا لە تۆرەکانی سۆشیاڵ میدیاوە هێرشێکی نابەرپرسانە دەکرێتە سەر هاوڵاتیانی پێکهاتەی تورکمان و بە ئاشکرا ناحەزانی پێکەوەژیان و ئەوانەی باوەڕیان بە کەلتوری پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان نیە، هەوڵ بۆ ناشیرینکردن و سرینەوەی شوناس و مێژوو و رەسانایەتی پێکهاتەی دێرینی نەتەوەیی تورکمان دەدەن و دەیانەوێ ئەو گیانی تەبایی و پێکەوەژیانەی نێوان سەرجەم نەتەوە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان تێکبدەن، بێ ئاگان کە پێکهاتەی تورکمان نەتەوەیەکی رەسەن و خاوەن مێژوو و شوناسی ئەم نیشتیمانەیە و دووەمین نەتەوەیە لە دوای نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان، ئەمە لە یاسا بەرکارەکانی هەرێم و دەستوری هەمیشەیی عێراقدا دەقنوس کراوە و بۆ هەمیشە بوونەتە قەڵغانێک بۆ ئێمەی پێکهاتەی تورکمانی.

هەروەها دەمانەوێ بە بیر هەموو لایەکی بهێنینەوە کە لە هەرێمی کوردستان پێکهاتەکان زۆر بە ئازادانە دەتوانن گوزارشت لە بیر و بۆچۆن و تێروانینی خۆیان بکەن، لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەری پێکهاتە جیاوازەکان بە سیستەمی کۆتا ئامادەییان هەیە، هەروەها لە کابینەی حکومەتیش بە وەزارەت ئامادەییان هەیە، و لە رووی پەروەردەوە، خوێندن بە زمانی نەتەوەیی تورکمانی دەستەبەرکراوە، چەندین قوتابخانە بوونیان هەیە و سیستەمی خوێندیان بە زمانی خودی پێکهاتە نەتەوەییەکانە، دەتوانین بڵێن کە رەوشی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر باشە و گیانی لێبوردەیی و یەکتر قەبوڵکردن و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بەهێز و پتەوە و بەو هەوڵە بچووکانە تێکناچێت.

لە کۆتاییدا رایدەگەیێنین کە پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، بنەمای سەقامگیری و پێشکەوتنی کۆمەڵگایە، پاراستنی ماف و کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان و دابینکردنی یەکسانی لە چوارچێوەی یاسا، ئەرکێکی هاوبەشیی هەموومانە، داواکاریشین لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا کە هاوکار و هەماهەنگ بن و بەرپرسانە مامەڵە بکەن و نەبنە سکۆیەک بۆ تێکدانی پێکەوەژیان و لێکدورکەوەتنەوەی پێکهاتە رەسەنەکانی هەرێمی کوردستان.

راگەیاندنی پارتی چاکسازی تورکمان
٥ی ئەیلولی ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

دوو بڕیار لە ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای عێراقەوە

یاسین

دەسەڵاتی دادوەری عێراق: بژاردەی جێگرەوه لەبری زیندانیکردن دابندرێت

یاسین

بومەلەرزەیەک به‌گۆڕی 5.7 پلە ڕوویدا

سەڵاح