ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی زەوی دەخرێتەروو

 

بەرپرسێكی وەزارەتی شارەوانی، لەبارەی فۆڕمی زەوی و دابینکرنی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە، زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “گۆڕانكارییەك لە رێنوێنیی زەوی دابەشكردن كراوە و پێش ئەوەی فۆڕمەكان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بنێردرێن، بۆ وەزارەتی شارەوانی دەنێردرێن.”

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی، رایگەیاند: “زۆربەی وەزارەت و فەرمانگەكان بابەتی پڕكردنەوەی فۆڕمی زەوییان تەواو كرووە، یان لە تەواوبووندان.”

ئاماژەی بەوەش دا، بڕگەیەكی رێنوێنیی زەوی دابەشكردن هەموار دەكرێتەوە، گوتیشی: “بەپێی ئەو رێنوێنییەی دەرچووە، وەزارەتەكان دوای تەواوبوونی پڕكردنەوەی فۆڕمەكان، فۆڕم و لیستەكان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران رەوانە دەكەن، بەڵام ئەو بڕگەیە لە رێنوێنییەكە هەموار دەكرێتەوە، سەرەتا فۆڕمەكان بۆ وەزارەتی شارەوانی رەوانە دەكرێن، پاشان ئێمە وردبینییان دەكەین و بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەیاننێرین، بە مەبەستی تەرخانكرنی زەوی.”

سەربەست مەولوود لەبارەی ژمارەی ئەو زەوییانەی تەرخان كراون، گوتی: “هەر شارەوانییەك و ژمارەیەكی جیای دەبێت لە تەرخانكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، ئەوەش دەوەستێتە سەر هەبوونی زەوی و فراوانكردنی سنووری شارەوانییەكان، بەڵام رووبەرێكی فراوانی زەوی بۆ پڕۆسەكە تەرخان دەكرێت.”

سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی خانەنشین بوونە، گوتی: “لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگەی خانەنشینی کێشەی پێدانی فۆڕمی زەویمان بەو فەرمانبەرانە چارەسەر کرد، کە تازە خانەنشین بوونە، هەر فەرمانبەرێک، کە خانەنشین کرا، ئەوا پەیوەندیی بە خانەنشینەوە هەیە، ئەگەر ناسنامەی خانەنشینیشی نەبوو، ئەوا فۆڕمی زەوی پێ دەدرێت و مافی وەرگرتنی زەویی هەیە.”

سەبارەت بە پێدانی فۆڕم بە پێشمەرگەی یەکەی 70 و 80 و خانەنشینانی ئەو دوو هێزە، سەربەست مەولوود، گوتی: “ئەو بابەتە پەیوەندیی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیه و دەبێ ئەوان هەر گرفتێک هەبێ چارەسەری بکەن.”

بەرپرسەکەی وەزارەتی شارەوانی لەبارەی گەڕاندنەوەی فۆڕمەکان لەلایەن فەرمانگەکان، گوتی: “دوو مانگمان دیاری کردبوو، بەڵام پێشبینی دەکەین دوا وادەی گەڕانەوەی فۆڕمەکان، کۆتایی ئەو مانگە بێت.”

ڕوونیشی کردەوە: “بەهۆی ئەوەی هەندێک وەزارەت میلاک و فەرمانگەیان زۆرە، بۆ نموونە، پەروەرده و تەندروستی، بۆیه پڕکردنەوەی فۆڕمەکان و گەڕاندنەوەیان کاتێکی زیاتری دەوێت.”

بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی، جەختی کردەوە: “لە هەموو شارەوانییەکان بابەتی ئامادەکردنی زەوی و كاری رووپێوی بەردەوامە و رووبەرێكی فراوانی زەوی ئامادە كراوە و ئامانجمانە زۆربەی زۆری فەرمانبەران و خانەنشینان زەوییان پێ بدرێ.”

ڕۆژی 27ی03ی2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی5ی2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی لامبێس-لەندەن دەکات

سەڵاح

كونسوڵی نوێی ئه‌مریكا په‌یامێكی ڤیدیۆیی به‌ زمانی كوردی بڵاو كرده‌وه

سەڵاح

ڕێکاری پێویست بە کەیسی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان گیرایە بەر

سەڵاح