ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی داوایه‌ك ئاڕاسته‌ى كوردانى تاراوگه‌ ده‌كات

 

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، سەبارەت بە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، داوا لە سەرجەم کوردانی تاراوگە دەکەن، کە لە ڕێی ئەو دیکۆمێنتانەی هەیانە دەتوانن بەشداری پڕۆسەکە بن، بەو پێیەی ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 12ی11ی2024) کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: “سه‌رژمێریى گشتیى دانیشتوانی عێراق و تێیدا هەرێمی کوردستانیش لە یەککاتدا و لە ڕێکەوتی 20 و 21ى ئەم مانگە دەکرێت، لە ڕووانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی مێژوویی بەرامبەر بە گەلەکەمان و پرسە ڕەواکەی، بێ گومان ئەم سەرژمێرییە گرنگە بۆ بە دیارخستنی پێگەی کورد و هەنگاوێکه‌ بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی کورد دیاری بکرێت”.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئەوەش بۆ عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش بایەخی خۆی هەیە: “بۆیە بە گرنگی دەزانین کوردستانییانی تاراوگە لە گرنگی خۆ تۆمارکردن و بەشداربوون لەو پڕۆسەیە بۆ ئەوەی بتوانین لەم هەنگاوەش پێگەی کورد وەک ئەوەی هەیە نیشان بدەین.”

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، داوا لە کوردانی دیاسپۆرا و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکات، کە: “لەو سەرژمێرییە خۆیان بێ بەش نەکەن و بتوانن لەو ڕێکەوتەی دیارییکراوە لە شارەکانی خۆیان بن و لەو سەرژمێرییە خۆیان و خێزانەکانیان تۆمار بکەن.”

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ بە پێی ئاماژەکان، ئەو کوردانەی دیاسپۆرا دیکۆمێنتی پێویستیان هەیە و دەکرێ لە ڕێگای ئەو دیکۆمێنتانەوە و لە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە هەرێم خۆیان تۆمار بکەن، هه‌روه‌ها هاتووه‌: “ئەمەش ئەرکێکی گرنگ و نیشتمانییە و پێویستە بەهەند وەربگیرێ و هیوادارین کوردستانییانی دیاسپۆرا بەدەم ئەم داواکارییەمانەوە بچن و بە ئەرکێکی نیشتمانی وەریبگرن.”

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، 20ـی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە سه‌رتاسه‌ری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دیاری كردووه‌.

دوایین سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق له‌ ساڵی 1997دا به‌ڕێوه‌ چووه‌، ئەو کات ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە 22.33 ملیۆن کەس بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە لە سەرتاسەری عێراق دەكرێتە پشوو

سەڵاح

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سەڵاح

ئەنجومەنی ئاسایش بەپەلە سەربارەت به دۆخی سووریا کۆدەبێتەوە

سەڵاح