ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، نوێنەرانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکومەت، بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی گواستنەوە و بەخاکسپاردنی تەرمی بیرمەند و فەیلەسووفی ناوداری کورد، د. فارووق ڕەفیق، گەیشتنە پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 28-04-2026، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وەک نوێنەری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی هەرێم وەک نوێنەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی پزیشکی دادییان کرد بۆ چاودێریکردنی ڕێکارەکان پاش کۆچی دوایی د. فارووق ڕەفیق.
ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی سەرۆکی حکومەت بە بنەماڵەی کۆچکردوو، ڕایگەیاند: “ئێمە لە پزیشکی دادی هەولێر هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی گەیشتنی خانەوادەکەی دەکەین کە لە شاری سلێمانییەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتوون.”
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری کۆتایی لەسەر شوێنی بەخاکسپاردنی تەرمەکەی بۆ بنەماڵەکەی جێهێڵدراوە و گوتی: “تەرمی خوالێخۆشبوو لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، جا چ لە هەولێر بێت یان لە سلێمانی، بە خاک دەسپێردرێت. هەروەها بە مەبەستی ڕێزلێنان لە پێگە و مێژووی زانستی و فەرهەنگیی ئەو بیرمەندە، لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی پرسەی بۆ دادەنرێت.”
دکتۆر فارووق ڕەفیق، کە لە ساڵی 1958 لەدایکبووە، یەکێک بوو لە دیارترین نووسەر، بیرمەند و فەیلەسووفەکانی کوردستان. ئەو بە یەکێک لە دەنگە ڕەخنەیی و لیبڕاڵە کاریگەرەکانی نێوەندی فیکریی کورد دادەنرا. خاوەنی دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەی قووڵە لە بوارەکانی فەلسەفە، سیاسەت و عیشق، و ئەمڕۆ لە تەمەنی 68 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

