zagros news agency

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی فراوان بۆ ڕێکخستنەوەی سیمای شاری هەولێر دەستپێدەکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی فراوان بۆ ڕێکخستنەوەی سیمای شاری هەولێر دەستپێدەکات؛ بڕیاردرا سەرجەم تابلۆی دوکان و مێنیوی چێشتخانەکان بکرێنە کوردی و ڕێگری لە داگیرکردنی شەقامەکان بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، بە مەبەستی جوانترکردنی سیمای پایتەخت و ڕێکخستنەوەی بازاڕە میللییەکان، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانیان کرد کە تێیدا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی خزمەتگوزاری و ئەمنی ئامادەبوون.

سێ تەوەری سەرەکی بۆ گۆڕینی سیمای هەولێر

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی سێ خاڵی سەرەکی وەک کارە لەپێشینەکان دەستنیشان کرد:

قەدەخەکردنی فرۆشیارانی سەر شەقام: کۆتاییهێنان بە دیاردەی عارەبانە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە شێوەیەکی هەرەمەکی لەسەر شەقامە گشتییەکان دەوەستن، کە بوونەتە هۆی دروستکردنی جەنجاڵی و تێکدانی مافی هاتووچۆی هاووڵاتیان.

پاکوخاوێنی: داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی کرا پلان و نەخشەی نوێ و بەپەلە دابڕێژن بۆ پاراستنی پاکوخاوێنی شار و زیادکردنی ڕۆڵی تیمەکان لەو بوارەدا.

زمانی کوردی لە شوێنە گشتییەکان: پێویستە سەرجەم ناونیشانی دوکان، تابلۆی شوێنە گەشتیارییەکان، مێنیوی خواردن و پسوڵەی حیساباتی چێشتخانەکان بکرێنە زمانی کوردی و ڕێگری لە بەکارهێنانی زمانی نامۆ بکرێت.

“خامۆشی لە کارەکاندا قبووڵ ناکرێت”

لای خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر کار لەسەر ئەم سێکتەرانە کراوە، بەڵام “جۆرێک لە خامۆشی” بە کارەکانەوە دیار بووە. جەختیشی کردەوە کە دەبێت لەمەودوا کارەکان بە شێوەی دەستەجەمعی و بەردەوام بن، نەک تەنیا وەک هەڵمەتێکی کاتی.

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: “هەولێر وەک پایتەخت و ناوەندێکی ئابووری و گەشتیاری، پێویستە بەردەوام بە ڕێکوپێکی بمێنێتەوە. پاراستنی سیمای شار ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتیان و ژینگەی شارەکەوە هەیە.”

هەنگاوی کرداری دێنە ئاراوە

لە کۆبوونەوەکەدا کە لایەنە ئەمنییەکانی وەک پۆلیس، هاتووچۆ و بەرگری شارستانیش تێیدا بەشداربوون، بڕیاردرا چەند هەنگاوێکی کرداری بنرێت بۆ ڕێگری لە داگیرکردنی شۆستە و شەقامە گشتییەکان. لایەنەکان هاوڕابوون کە ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتووچۆ و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ دانیشتووانی پایتەخت و گەشتیاران.

ئەم بڕیارانە لە کاتێکدایە کە هاووڵاتیانی هەولێر بەردەوام داوای ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان و بنبڕکردنی دیاردەی زێدەڕۆیی سەر شەقامەکان دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕێکێش سەیرانی : توجاران ژوی کاری نارەڤم یێ خزمەتا گەنجی بکەت

سەڵاح

پزیشکیان: تیرۆریستانی داگیرکەر پەشیمان دەکەینەوە لە کردە قێزەونەکانیان

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح