بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانیی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای دهۆک بە فەرمی دەستیپێکرد و بڕی وەرگرتنیش بۆ ئەمساڵ دیاریکرا.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی دکتۆر مستەفا نزار العانی، وەزیری بازرگانیی عێراق، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، دکتۆر حەیدەر نوری الگرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دروستکراوی دانەوێڵە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و کشتوکاڵیی پارێزگای دهۆک، وەرزی بەبازاڕکردنی دانەوێڵە لە سایلۆکانی دهۆک دەستیپێکرد.
بەگوێرەی بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ، بۆ وەرزی ئەمساڵ بڕی 400 هەزار تۆن گەنم وەک بەشەوەرگرتنی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە. دابەشبوونی ئەو بڕە بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیەیە:
سلێمانی: 150,209 تۆن
هەولێر: 122,680 تۆن
دهۆک: 116,083 تۆن
هەڵەبجە: 11,028 تۆن
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی سایلۆکان و توانای کۆگا کردن، وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان چەندین بنکە و سایلۆ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران تەرخانکراون:
لە دهۆک: 4 سایلۆ گەنم وەردەگرن.
لە هەولێر: 2 سایلۆ و بنکەیەک کار بۆ وەرگرتنی گەنم دەکەن.
لە سلێمانی: 5 سایلۆ و بنکەیەک ئامادەکراون بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران.
ئەم پڕۆسەیە لە کاتێکدایە کە جووتیارانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئاسانکاریی زیاترن بۆ وەرگرتنی بەرهەمەکانیان و خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان لە کاتی خۆیدا.

