zagros news agency

ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی فراوانى كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونى بەڕێزان جێگرانى سەرۆک و هەڤاڵان ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، ئەمرۆ شەممە ١٣ ى حوزەیرانى ٢٠٢٦، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.
كۆبوونه‌وه‌ دواى ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان، سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد، کۆمەڵێک بابەتى سیاسى، ڕووداو و گۆڕانکارییەکان، پەیوەندییەکان و کاروبارى ناوخۆى پارتیمانى خستە خشتەى تەوەرەکانى گفتوگۆکردن و بیروڕا گۆڕینەوە و، بۆ ئەو بابەتانەى کە پێویست بوو بڕیار وەرگیرا.

تەوەری یەكەم/ بارودۆخى گشتى؛ لەم تەوەرەدا تیشکخرایە سەر شەڕى نێوان ئەمریکا و کۆمارى ئیسلامى ئێران، کە لە کۆتایى مانگى شوباتى ئەمساڵەوە دەستى پێکرد و کاریگەری و دەرهاویشتەکانى ئەو شەڕە لەسەر عێراق بەگشتى و هەرێمى کوردستان بە تایبەتى، کە لە چەندین بواردا زیانى بە عێراق و کوردستان گەیاندووە، وێڕاى ئەوەى هەرێمى کوردستان بەشێک نەبووە لەو شەڕە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستاش کە شەڕ ڕاگیراوە، هێرشى هاژەک و دڕۆنى بۆ سەر هەرێمى کوردستان ڕانەگیراوە و زیانێکى زۆری هەبووە و دەیان بریندار و شەهید بە ناحەق لە ئاکامى ئەو هێرشانە بوونەتە قوربانى، ئەوە جگە لەوەى زیانێکى مادى زۆری هەبووە و جوڵەى بازرگانیان سست کردووە، هەروەها هێرشى سەر کۆمپانیاکانى نەوت زیانێکى زۆرى بە دامەزراوەکان و ژێرخانى وزە گەیاندووە و بۆتە هۆى ڕاگرتنى بەرهەمهێنانى نەوت، ئەمەش نەک تەنیا بۆ هەرێم بەڵکو بۆ عێراقیش زیانێکى گەورەیە. ئەم دەرهاویشتانە و بەردەوامى هێرشەکان بوونەتە هۆى دڵەڕاوکێى خەڵکى کوردستان، ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان باوەڕمان وایە کە چارەسەرى کێشەکان لە رێگاى گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە قازانجى هەموو لایەکە و ناوچەکە بە هەرێمى کوردستانیشەوە چیتر زەیانمەند نابن.

تەوەرى دووەم/ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ؛ سەرەڕاى بەرزى و نزمى لە پەیوەندییەکان، بەڵام بەردەوام هەوڵمانداوە هەر کێشە و گرفتێک هەبێت لە سێبەرى دەستوورى هەمیشەیى عێراقدا چارەسەر بکرێت، هەرچەندە کێشەکان کەڵەکەکراون و کەمتر هەوڵى چارەسەرکردنیان دراوە، بەڵام پارتیمان ڕێگاى بەردەوامى لە گفتوگۆ و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى گرتۆتەبەر، بە تایبەتى لە بوارى بودجە و شایستە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان هەموو هەوڵێک دراوە بە سەردانیکردن و ڕەوانەکردنى شاند بۆ بەغدا بە ئامانجى چارەسەرى و لادانى کۆسپ و ئاستەنگەکان.
بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى فیدراڵ بە سەرۆکایەتى بەڕێز عەلى زەیدى پشتیوانیمان هەبووە و بەردەوامیش دەبین لە هاوکارى و پشتیوانیکردن بەو هیوایەى هەروەکو رێککەوتنیش لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگى کراوە، چیتر چارەسەرى کێشەکان فەرامۆش نەکرێن و دەستوور وەکو خۆى جێبەجێ بکرێت و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و مووچەى مووچە خۆران لەکاتى خۆیدا رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت.
شایەنى باسە کۆبوونەوە جەختى لە پشتیوانیکردنى بەرێز عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى حکومەتى فیدراڵى کردەوە لەو هەنگاوانەى دەستپێکردووە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەى گەندەڵى و گێرانەوەى سەروەت و سامانى خەڵکى عێراق بۆ خەزێنەى حکومەت و رێگرتن لە بە فیڕۆدانى سامانى وڵات.

تەوەرى سێیەم/ دەستپێشخەریەکەى جەنابى سەرۆک بارزانى لە جەژنى قورباندا؛ ئەم دەستپێشخەرییە لە ڕوانگەى بەخەمەوەبوونى کوردستانە لەم بارودۆخە هەستیار و ناسکەى کە هەموو ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت، هەروەها ئەو هەموو ڕووداو و گۆڕانکاریانەى ڕودەدەن کە بەشێکیان ئاڵنگارى و مەترسى لەگەڵ خۆیان دەهێنن. کۆبوونەوە ئەم دەستپێشخەریەى جەنابیانى بەرزنرخاند، کە کێشەکانى لە ڕاگەیاندن و شەقامەوە گواستەوە بۆ سەر مێزى گفتوگۆ.
بۆ جێبەجێکردنى ناوەرۆکى دەستپێشخەریەکە لیژنەیەک لە ئاستى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیمان دەستى بە سەردان و پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەى چارەسەرى پێویست بۆ کێشەکان و ڕزگارکردنى پڕۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان لەو چەقبەستنەى تێیکەوتووە، تاوەکو ئێستاش ئەم دەستپشخەریە و هەوڵەکان بەردەوامن بەو هیوایەى هەموولایەک بە لەبەرچاوگرتنى هەستیارى بارودۆخەکە و گرنگى ڕووداوەکان، بەرپرسیارانە بەرەو چارەسەرى هەنگاو بنێن.

تەوەرى چوارەم/ کۆبوونەوە لە ڕوانگەى هەست بە بەرپرسیاریەتى نەتەوەیى و نیشتمانى و باوەڕى تەواو بە یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان لە کۆمارى عێراقى فیدراڵدا، پشتگیرى لە هەنگاوەکانى بەرێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکات، هەروەها پشتیوانى هەنگاو و هەوڵەکانى بەڕێز سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرى کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە هەموو ڕوێکەوە بەتایبەتى لە بابەتى شایستە داراییەکان و مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم دەکات، کۆبوونەوە بەباشى زانى بەردەوامى بەم هەوڵ و هەنگاوانە بدەن.

تەوەرى پێنجەم/ بابەتى ناوخۆى و ڕێکخستنەکانى پارتیمان؛ لەم تەوەرەدا گفتوگۆى پێوست لەبارەى ڕێکخستنەکان و ئەرکى ئۆرگانەکانى پارتیمان کرا، بۆ ئەم مەبەستە پێشتر لیژنەیەک پاڵپشت بە پەیڕەوى ناوخۆ، هەروها بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى ئێستاى کوردستان دیراسەیەکى هەمەلایەنەى ئەنجامداوە. ئەم دیراسە و، ئەنجام و پێنشنیار و ڕاسپاردەکانى دەبنە نەخشەڕێگاى هەنگاوەکانى داهاتوو و ئەوەى پێویستە ئەنجام دەدرێت.

شایەنى ئاماژەیە، کۆبوونەوە لە کەشێکى حزبى و خەمخۆرانە بۆ چارەسەرى کێشە و گرفتەکانى خەڵکى کوردستان و، جوڵەپێکردنى پرۆسەى سیاسى کوردستان و توندوتۆڵترکردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ و لایەنە سیاسییە شیعە و سونەکانى عێراق، بەرێوەچوو.

كۆمیته‌ی ناوەندیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٣ـی ٦ـی ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

بەرگریی شارستانی سۆران هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

سەڵاح

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی تورکیا دۆخی گشتیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ پارێزگار و كارگێڕيى دهۆك كۆبووه‌وه‌

یاسین