zagros news agency

زێلێنسکی هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی شاری “کۆستینتینۆڤکا” لەلایەن ڕووسیاوە ڕەتدەکاتەوە

 

ڤۆلۆدایمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ئەرکانی گشتی سوپای ئەو وڵاتە، ڕۆژی شەممە بە فەرمی دەنگۆی کۆنترۆڵکردنی شاری ستراتیژی “کۆستینتینۆڤکا”یان لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە ڕەتکردەوە و جەختیان کردەوە کە شارەکە هێشتا لەژێر دەستی هێزەکانی ئۆکرانیادایە.

ئەم کاردانەوەیەی ئۆکرانیا دوای ئەوە دێت کە سوپای ڕووسیا ڕۆژی هەینی بە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی وڵاتەکەیان ڕاگەیاندبوو کە توانیویانە دەست بەسەر ئەم شارە گرنگەی هەرێمی دۆنێتسکدا بگرن، کە مۆسکۆ ماوەیەکی زۆرە وەک ئامانجێکی سەرەکی لە هێرشەکانیدا دەستنیشانی کردووە.

زێلێنسکی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” نووسیویەتی: “بێگومان ئەوە ڕاست نییە. ئەمە تەنها درۆیەکی تری ڕووسیایە و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی جۆرە هەواڵێکی ناڕاست.”
هەروەها بە تەنزەوە ئاماژەی بەوە کرد: “ئەگەر کۆستینتینۆڤکا لەژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادا بوایە، ڕەنگە پوتین هیچ کێشەیەکی نەبوایە لەوەی لەوێ چاوی بە من بکەوێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە.”

ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە یەکە سەربازییەکانیان لە چوارچێوەی “گرووپی ڕۆژهەڵات” بەردەوامن لە بەرگری کردن لەناو شارەکە و دەوروبەری.

شارۆچکەی کۆستینتینۆڤکا بە یەکێک لە چوار ناوچە سەرەکییەکەی هێڵی بەرگری ئۆکرانیا دادەنرێت لە هەرێمی پیشەسازی دۆنێتسک. شیکەرەوان دەڵێن کۆنترۆڵکردنی ئەم شارە لەلایەن ڕووسیاوە، دەبێتە پێگەیەکی بەهێز بۆ ئەوەی هێزەکانی مۆسکۆ بەرەو باکووری ناوچەکە پێشڕەوی بکەن.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەواڵە، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان پێنج گوندی تریان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنترۆڵ کردووە، کە چواریان لە ناوچەی خارکیڤ (شیکێڤکا، نۆڤی میر، چێرنێشچینا، دروژێلیوبیڤکا) و یەکێکیان لە ناوچەی دۆنێتسک (ڤاسێلیڤکا) بووە.

تا ئێستا ئاژانسی ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاستی و دروستی ئەم ڕاپۆرتە جەنگیانەی ناو مەیدان پشتڕاست بکاتەوە.

 

رۆینه‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

کیێڤ هۆکاری بەردەوامیی شەڕ ئاشکرا دەکات

سەڵاح

پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی دكتۆر دەشتی دزەیی

یاسین

سه‌رۆكایه‌تی هەرێمی كوردستان: هه‌رێم بۆ هەمیشە وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی دەمێنێتەوە

سەڵاح