zagros news agency

وەزارەتی کارەبا داتاکانی مانگی شەشی پڕۆژەی ڕووناکی بڵاوکردەوە: نیوەی هاووڵاتیان کەمتر لە ٣٤ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە

 

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامار و داتاکانی پەیوەست بە پسوولەی مانگی شەشی هاوبەشانی کارەبای لە چوارچێوەی پڕۆژەی “ڕووناکی” ڕاگەیاند. بەپێی داتاکان، پڕۆژەکە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر شانی بەشێکی زۆری هاووڵاتیان.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، نیوەی ئەو هاووڵاتیانەی کەوتوونەتە ناو پڕۆژەی ڕووناکی، لە مانگی شەشدا کەمتر لە ٣٤ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی پڕۆژەکەیە لە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە نرخێکی گونجاو.

وردەکاری خەرجی کارەبا لە شارەکان بەم شێوەیەیە:

هەولێر: نیوەی ماڵان کەمتر لە ٣٦ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە (بە بەکارهێنانی ٤٨٠ کیلۆوات کاتژمێر).

سلێمانی: نیوەی ماڵان کەمتر لە ٣٠ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە (بە بەکارهێنانی ٤١٨ کیلۆوات کاتژمێر).

دهۆک: نیوەی ماڵان کەمتر لە ٣٨ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە (بە بەکارهێنانی ٥١٦ کیلۆوات کاتژمێر).

هەڵەبجە: نیوەی ماڵان کەمتر لە ٢٧ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە (بە بەکارهێنانی ٣٦٨ کیلۆوات کاتژمێر).

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆرینەی هاووڵاتیان خوولی پسوولەکەیان نزیکەی ٤٣ ڕۆژ بووە. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە کێشەی “پسوولەی سفر” بۆ بەشێکی زۆری هاوبەشان چارەسەر کراوە و ئەوانەشی ماون لە خوولەکانی داهاتوودا چارەسەر دەکرێن.

لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پاڵپشتییەک بۆ هاووڵاتیان، داشکاندنی ٥٠٪ی بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاندووە. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە ئەمە دەرفەتێکی زێڕین و یەکجارەکییە و بە هیچ شێوەیەک درێژناکرێتەوە، بۆیە داوا لە هاوبەشان دەکات سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ پاکتاوکردنی قەرزەکانیان.

پڕۆژەی ڕووناکی کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، ئامانجی سەرەکی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦. تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٩٠٪ی هاووڵاتیان لەو ناوچانەی پڕۆژەکە گرتوویەتییەوە، کارەبای بەردەوامیان بۆ دابینکراوە.

بەپێی نرخە نوێیەکان، ٨٠٪ی هاووڵاتیان، بەتایبەت چینە کەمدەرامەتەکان، پارەیەکی زۆر کەمتر خەرج دەکەن بە بەراورد بەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلییەکان دەیاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

لەم ساڵدا نزیکەی ٢٣ هەزار پەنابەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیوەنەتەوە بەریتانیا

سەڵاح

سووریا هێزی سەربازی ڕەوانەی سنووری نێوان وڵاتەکەی و عێراق کرد

سەڵاح

تورکیا ماوەی ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژ کردەوە

سەڵاح