وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین گشتاندنی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانی بە وەزارەت کردووە، ڕێنمایی و ڕێکارە نوێیەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگەیاند و تێیدا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت تاوەکو سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەموو کارەکان تەواو بکرێن.
بەگوێرەی ئەو نووسراوە فەرمییەی کە واژووی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە و لە ڕێکەوتی ١٢ـی ئابی ٢٠٢٦ دەرچووە، بڕیاردراوە بە گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ ئەژمارکردن و پلەبەرزکردنەوەی گشت فەرمانبەران لە پلەی ١٠ بۆ پلەی ١، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بەو ڕاگرتنەی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ و سەرەتای ٢٠١٦ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە جێبەجێ کرابوو.
وەزارەتی دارایی لە ناوەڕۆکی ڕێنماییەکەیدا داوا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دەکات کە پێویستە تاوەکو ڕێکەوتی ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، کارەکانی تایبەت بە وردبینی و ئامادەکردنی لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی شایستەی پلەبەرزکردنەوەن تەواو بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت لیژنەی تایبەت لە ناو وەزارەتەکاندا پێکبهێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە میلاکات و پلەکان بەگوێرەی ئەو خشتە و ڕێکارانەی کە دیاری کراون.
ئامانجی سەرەکی ئەم بڕیارە و خێراکردن لە جێبەجێکردنیدا بۆ جێگیرکردنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕێکخستنی شایستەکانیانە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا، تاوەکو لە کاتی وردبینیکردنی لیستەکان لەلایەن بەغداوە هیچ جۆرە کێشەیەکی یاسایی و کارگێڕی نەیەتە پێش و مافی فەرمانبەران بە تەواوی پارێزراو بێت.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی کە پاڵپشتە بە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی ژمارە ٢٢ـی ساڵی ٢٠٠٨ و دوای ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران دێت، کۆتایی بە چاوەڕوانییەکی زۆری فەرمانبەران دەهێنێت کە بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵ بوو بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەوە، سەرەڕای هەبوونی مەرجە یاساییەکان پلەکانیان بەرز نەدەکرایەوە.


