دوو فڕۆکەی سەر بە هێڵی ئاسمانیی “ئەمریکان ئێڕلاینز” لە شاری فینیکس لە کارەساتێکی گەورەی ئاسمانی ڕزگارکران، ئەوەش دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵکەرێکی هاتوچۆی ئاسمانی بە خێرایی هەستی بە هەڵەیەکی تەکنیکی کرد لە بەکارهێنانی ناونیشانی فڕینەکاندا.
تۆمارە دەنگییەکانی ڕووداوەکە دەریانخستووە کە کۆنتڕۆڵکەرەکە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە هەردوو فڕۆکەکە هەمان ئاگاداری “ئەمریکان 2482″یان بەکارهێناوە. ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە فڕۆکەی یەکەم تازە لە شیکاگۆوە گەیشتبووە فینیکس، فڕۆکەی دووەمیش لە هەمان فڕۆکەخانەی فینیکسەوە هەڵسابوو.
کۆنتڕۆڵکەرەکە بە خێرایی دەستوەردانی کرد و ڕێوشوێنی پێویستی گرتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی رووداو، ناوبراو دڵنیابووەوە لەوەی فڕۆکەکان بەسەلامەتی و لەدووری یەکتر ماونەتەوە، تا ئەو کاتەی فڕۆکەکەی فینیکس ناوچەکەی بە سەلامەتی جێهێشت.
ئەو کۆنتڕۆڵکەرە کە 25 ساڵ ئەزموونی لە بواری هاتوچۆی ئاسمانیدا هەیە دەڵێت “بە درێژایی تەمەنی کارکردنم، هەرگیز نەمدیوە دوو فڕۆکە هەمان نیشانەی بانگدان بەکاربهێنن.”
ناوبراو جەختیشی کردەوە، ئەم کێشەیە مەترسییەکی گەورەی لە رووی تێکەڵبوونی ڕێنماییەکانی بەرزی و مسۆگەرکردنی ڕێڕەوی فڕین دروست دەکرد، بەڵام بەهۆی وشیاری و لێهاتوویی ئەوەوە، ڕووداوەکە بەبێ هیچ زیانێکی گیانی و مادی تێپەڕی.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

