لە میانی پەیوەندییەکەدا، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر حکومەتی ئێران هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم بە بیانووی هەبوونی پارت و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران پاساو دەهێنایەوە، بەڵام ئەم هێرشەی دوایی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بارەگای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کردووەتە ئامانج، “پێشهاتێکی مەترسیدارە” و دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری و زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

وەزیری دەرەوەی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە بێ پاساوەی کرد و داوای لە لایەنی ئێرانی کرد ڕوونکردنەوەی فەرمییان هەبێت. جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە کارانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارن و لێکەوتەی نەرێنییان لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە دەبێت.

لەلایەن خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرسوڕمانی خۆی لەو هێرشە دەربڕی و ڕایگەیاند: “هیچ زانیارییەکمان لەبەردەستدا نییە کە هێرشەکان لە خاکی ئێرانەوە ئەنجام درابێتن.” عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ پاساوێک بۆ کارێکی لەو شێوەیە نییە، بەتایبەت لە سایەی ئەو پەیوەندییە بەهێز و ئەرێنییەی کە لە نێوان تاران و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتە سەرەکییەکاندا هەیە.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، فوئاد حوسێن داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد هەڵوێستی فەرمی خۆی و ناسنامەی ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن ئاشکرا بکات. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دژی هەر کارێکە ببێتە هۆی ناسەقامگیری و بەڵێنیدا لە نزیکترین کاتدا بەیاننامەیەکی فەرمی بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی تاران بڵاو بکەنەوە.