مەسعوود پزیشکیان لە پەراوێزی لووتکەی سەرکردەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگهای لە بیشکێکی پایتەختی قیرغیزستان لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا کۆ بووەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، لەم دیدارەدا «دوایین دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیا تاوتوێ کرا و هەردوولا لەبارەی شێوازەکانی بەهێزکردن و فراوانکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاوازەکاندا گفتوگۆیان کرد.»
ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕووسیاش هەواڵی دیدارەکەی بڵاو کردووەتەوە بەڵام وردەکاریی لەبارەی دانوستانەکان ئاشکرا نەکردووە.
دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، دوێنێ لەبارەی نێوەندگیریی ڕووسیا لە نێوان ئێران و ئەمریکادا لەم دیدارەدا گوتبووی:
«سەرۆک کۆمار پزیشکیان بێگومان بەڕێز پووتین لە ڕووداوەکان ئاگادار دەکاتەوە.»

