کۆشکی سپی داواکاریی دانیێل دریسکۆڵ، وەزیری سوپای ئەمریکای بۆ کشانەوە لە پۆستەکەی دوای ١٨ مانگ پشتڕاست کردەوە. ئانا کێلی، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی، لە ڕاگەیێندراوێکدا ستایشی ئەدای ناوبراوی کرد و گوتی: دریسکۆڵ لە “برەودان بە کارنامەی سەرۆک ترەمپ بۆ بەهێزکردنەوەی ئەمریکا زۆر کاریگەر بووە”. کێلی ئاماژەی بە “سەرکردایەتییە دیارەکەی” دریسکۆڵ لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکادا کرد و گوتی ناوبراو لە دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینادا “ئەدایەکی باڵای” پێشان داوە.
پێشتر ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” بڵاوی کردبووەوە دریسکۆڵ دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و پێشبینی دەکرێت ناوبراو لە ڕۆژانی داهاتوودا پێنتاگۆن جێ بهێڵێت. لە هەفتەکانی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت لەبارەی بوونی گرژی لە نێوان دریسکۆڵ و پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریدا بڵاو کرابوونەوە. بەپێی ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس، پێنتاگۆن تا ئێستا وەڵامی داواکاریی میدیاکانی نەداوەتەوە و ڕۆژنامەنووسانی بۆ سوپا ئاراستە کردووە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە تۆڕی “سی ئێن ئێن”ی گوت: دریسکۆڵ دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ ترەمپ لەبارەی دۆخی سوپاوە دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەش کردووە.
ئەگەر ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە پەسند بکرێت، دریسکۆڵ دەبێتە نوێترین بەرپرسی باڵای سەربازی لە حکوومەتی ترەمپدا پۆستەکەی بەجێ دەهێڵێت. ئەم سیاسەتوان و یاساناسە یەکێک لە سەربازە دێرینەکانی سوپای ئەمریکایە. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٢٠دا خۆی بۆ کۆنگرێس بەربژێر کرد بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دوای ئەوەیش وەک ڕاوێژکار لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٤ کاری کرد.
بە گوێرەی ڕۆیتەرز، دریسکۆڵ هاوپۆلی جەی دی ڤانس بووە لە سەردەمی خوێندندا لە کۆلێژی یاسا.
هێگسێت پێشتر لە مانگی نیساندا جەنەراڵ ڕاندی جۆرج، سوپاسالاری ئەمریکای لە پۆستەکەی دوور خستەوە و تا ئێستاش جێگرەوەیەکی هەمیشەیی بۆ دیاری نەکردووە.

