zagros news agency

کایا کالاس: ڕووداوە درۆنییەکەی لایپزیگ نیشانەکانی تیرۆریزمی دەوڵەتیی پێوە دیارە

 

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، هەوڵی هێرشکردن بە درۆنێکی هەڵگری ماددەی تەقینەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ/هالە لە ئەڵمانیا—کە بەرلین ڕووسیا بە بەرپرسیاری دەزانێت—بە کارێک وەسف کرد سەرجەم نیشانەکانی «تیرۆریزمی بەسپۆنسەری دەوڵەت»ـی پێوە دیارە.

کالاس ڕۆژی چوارشەممە، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی ئەورووپا لە ئێرلەندا گوتی: «ڕوونە ئەم ڕووداوە هەموو نیشانەکانی تیرۆریزمی بەسپۆنسەری دەوڵەتی هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە بەرانبەر ئەمە دەبێت چی بکەین؟» هاوکات یەکێتیی ئەورووپا پەیوەست بەم ڕووداوە نوێنەری باڵای ڕووسیای لە برۆکسل بانگ کردووە.

حکوومەتی ئەڵمانیا ڕۆژی سێشەممە ٣١ی ئاب، بە فەرمی ڕووسیای بە بەرپرسیاری هەوڵی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ/هالە لە مانگی ئابدا ناساند. بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشێتد پرێس، درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە لە نزیک فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئۆکراینا دۆزراوەتەوە و تەقەمەنییەکەی پووچەڵ کراوەتەوە. ئەم فڕۆکەخانەیە یەکێک لە نێوەندە گرنگەکانی گواستنەوەی بار و پشتیوانییە بۆ ئۆکراینا.

ئەڵمانیا وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر ئەم ڕووداوە ڕایگەیاند کۆنسوڵخانەی ڕووسیا لە شاری بۆن و “ماڵی ڕووسیا” وەک نێوەندێکی کولتووریی سەر بە حکوومەتی ڕووسیا لە بەرلین دادەخرێن؛ هەروەها باڵیۆزی ڕووسیاش لە ئەڵمانیا بانگ کراوە.

مۆسکۆ تۆمەتەکانی بەرلینی ڕەت کردووەتەوە. ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیا، ئیدیعای کرد بەڵگە خراوەڕووەکانی دژ بە وڵاتەکەی «دەستکردن» و حکوومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت سەرنجی ڕای گشتی لە کێشە ناوخۆیییەکان دوور بخاتەوە.

هاوکات یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا دەکات. کالاس گوتی نزیکەی ١٦٠٠ کەس و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە پیشەسازیی سەربازیی ڕووسیا بۆ دانران لە لیستی سزادا تاوتوێ دەکرێن. فەڕەنساش نوێنەری ڕووسیای بانگ کرد و ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ئەم ڕووداوەی بە بەشێک لە هەوڵی درێژخایەنی کرێملین بۆ تێکدانی سەقامگیریی یەکێتیی ئەورووپا و لاوازکردنی پشتیوانی لە ئۆکراینا دانا و گوتی ئەم کارە بێ وەڵام نامێنێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بانکی ناوەندیی عێراق: نرخەکانی نەوت و کێشانەوەی نەختینە کاریگەرییان لەسەر یەدەگی دراو هەبووە

یاسین

کونسوڵی نوێی بەریتانیا فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە

سەڵاح

چاره‌نووسی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سوریا له‌ مه‌ترسیدایه‌

سەڵاح