سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری بە تیشک، وەک یەکێک لە ناوەندە پێشەنگەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێشکەوتوو بە تووشبووانی شێرپەنجە، بە جۆرێک ڕۆژانە پێشوازی لە ١٨٠ بۆ ٢٠٠ چارەخواز دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری تیشکی.
سەنتەرەکە کە لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی گشتیی تەندروستی دامەزراوە، سیستەمێکی وردی بۆ ڕێکخستنی کاروباری نەخۆشەکان پەیڕەو کردووە. هەر نەخۆشێک خاوەنی کارتی تایبەتی خۆیەتی و کاتی وەرگرتنی چارەسەرەکەی بە وردی دیاریکراوە، ئەمەش وای کردووە خزمەتگوزارییەکان بەبێ قەرەباڵغی و بە کوالێتییەکی بەرز بگەنە دەستی هاووڵاتییان.
پرۆسەی وەرگرتنی چارەسەر
بەپێی ئامارەکانی سەنتەرەکە، بەشی ڕاوێژکاری ڕۆژانە پێشوازی لە ٤٠ بۆ ٥٠ چارەخواز دەکات. دوای ئەنجامدانی پشکنین و ڕاوێژی پزیشکی، ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە تیشکە، ڕەوانەی بەشی تایبەتمەند دەکرێن بۆ دیاریکردنی خشتەی وەرگرتنی چارەسەرەکانیان.
ئامانجە ستراتیژییەکان
ئامانجی سەرەکیی حکومەت لە پەرەپێدانی ئەم سەنتەرە، دابینکردنی باشترین و نوێترین ئامێری تەکنەلۆژیای سەردەمە لە ناوخۆی وڵات، تاوەکو هاووڵاتییان و تووشبووانی شێرپەنجە چیتر پێویستیان بە گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات نەبێت و بە کەمترین تێچوو و بەرزترین کوالێتی لە ناوخۆدا چارەسەر بکرێن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی زنجیرە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کەرتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی نەخۆشان.

