بەهۆی تەقینەوەی گڕکانی «ئاناک کراکاتاو» لە ئیندۆنیزیا، داخرانی فڕۆکەخانەی سەرەکیی نێودەوڵەتی و چەند فڕۆکەخانەیەکی دیکەی ئەم وڵاتە و هەڵوەشاندنەوەی سەدان گەشت، نزیکەی ١٧٠ هەزار گەشتیار سەرگەردان بوون.
وەزیری گواستنەوەی ئیندۆنیزیا ڕایگەیاند هەشت فڕۆکەخانەی ئەم وڵاتە لەنێویاندا دوو فڕۆکەخانە لە جاکارتا، بەهۆی بوونی خۆڵەمێشی گڕکانەکەوە بە داخراوی دەمێننەوە.
خۆڵەمێشی گڕکانی ئاناک کراکاتاو لەنێوان هەردوو دوورگەی جاوە و سومەترادایە، لە کاتی تەقینەوەیەوە لە کۆتایی ڕۆژی هەینیدا، جاکارتا و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری داپۆشیوە و لەبەر هۆکاری سەلامەتی بووەتە هۆی داخرانی فڕۆکەخانەکان.
وەزارەتی گواستنەوە ڕایگەیاند هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان کاریگەریی لەسەر نزیکەی ١٧٠ هەزار کەس داناوە و فڕۆکەخانەی سەرەکیی جاکارتا تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بە کاتی ناوخۆ بە داخراوی دەمێنێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: «بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، ناتوانین کاتی کۆتاییهاتنی ئەم دۆخە دیاری بکەین.»
ماڵپەڕی دەستەی چاودێریی گڕکانەکان ئاماژەی بەوە کردووە دوایین تەقینەوەی ئاناک کراکاتاو کاتژمێر ٨:٢٣ی شەوی یەکشەممە ڕووی داوە. ئەم دەستەیە هۆشداریی دا ئەگەری ڕوودانی تەقینەوەی زیاتر لە قۆناغەکانی داهاتوودا هێشتا بەرزە.
ئیندۆنیزیا لە ناوچەی ناسراو بە «بازنەی ئاگر»ی زەریای هێمندا هەڵکەوتووە؛ ناوچەیەک بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکان تێیدا زۆر باوە.

